گەشتوگوزاری سلێمانی: 147 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە ماوەی رۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا 147 هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریان کردووە.

بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکان، لە ڕێگەی بازگە و دەروازە سنوریەکان و فڕۆکەخانەوە، 147 هەزار گەشتیاری شارەکانی عێراق و وڵاتی ئێران و بیانی بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان، لە جەژن و ڕۆژانی پێشتر و دواتری بۆنەکەدا گەشتەکانیان بۆ سلێمانی و سەیرانگا و هاوینە هەوارەکانی ئەم شارە ئەنجامداوە، بە وتەی گەشتوگوزاری شارەکە، “زیاتر لە %80ی ئەو ڕێژەیە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون”.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگازاری سلێمانی ئەوەشێ وتووە، گەشتیاران هەر لە سەرەتای گەیشتنیانەوە بە شێوەیەکی زۆر گونجاو پێشوازیان لێکراوە، هەروەک توانراوە وەک پێویست شوێنی حەوانەوەیان لە بنکە گەشتیاریەکانی کەرتی تایبەت دەستبکەوێت.

جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا هاوینە هەواری دوکان قەرەباڵغترین ناوچەی گەشتیاری بووە و زیاتر لە 170 هەزار سەردانیکار و گەشتیار کاتەکانیان لەو هاوینە هەوارە بەسەربردووە.