دەستەی وەبەرهێنان: ئەمساڵ بەبەهای زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەساڵی 2021دا مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە بە 68 پڕۆژە بەگوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و 508 ملیۆن دۆلار کە زۆرترینیان پڕۆژەی بازرگانی و گەشتیاری بون.

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەپاڵ بوژانەوەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، هەلی کاریان بۆ هەزاران کەس رەخساندوە چونکە 75%ـی هەلی كارەکان بۆ كرێكاری خۆماڵی بون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆی ئەو 68 پڕۆژەیەی لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، زۆرترینیان پڕۆژەی بازرگانی بون، هەروەها پڕۆژەکانی گەشتیاری، خزمەتگوزاری، بانک و نیشتەجێبون لەپلەکانی دوەم تا پێنجەمدا دێن.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستەڕو، 90%ی ئەو پرۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە لەپارێزگای هەولێر بون.