نۆ ناوچەی پیشەسازی گەورە لە هەرێم دروستدەكرێن

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە ٢٠٢١ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە 68 پڕۆژە بوون بەگوژمەی ٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ٩٠٢ پڕۆژەش لەهەموو ناوچەكان بەگوژمەی ٢٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی پەسەندكراون، بۆ زیادبوونی دەستی كاری ناوخۆش مەرجە وەبەرهێن لە ٧٥٪ی دەستی كاری ناوخۆبێت.

د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢١ ساڵی وەبەرهێنان بووە و بەدووەم ساڵدا لەدوای ساڵی ٢٠١٣ەوە كەپڕۆژەی وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامدراوە، ئەمەش نیشاندەری باشن سەڕەڕای بو,نی چەندان قەیران، بەڵام ئەو پارەیەی وەبەرهێنانی پێكراوە لەمساڵدا نزیك بووە لەو پارەیەی كەوا لە ٢٠١٣ وەبەرهێنانی پێكراوە كە بەلوتكەی وەبەرهێنان لەهەرێم ناسراوە، ئەمەش بەهۆی گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێك و دەركردنی ڕێنمایی نوێ تاوەكو وەبەرهێنان بەشداربێت لەكۆكردنەوەی داهات، بەرنامەی حكومەتیش كە پشتوانی لەكەرتەكانی كشتووكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان دەكات بۆ ئەوەی لەداهاتوو داهاتی باش بەدەست بێت، هەروەها دەسەڵاتەكانیش شۆڕكراونەتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بۆئەوەی ئەوەی ڕۆتین كەمبكرێتەوە لەپێدانی مۆڵەت و لەساڵی داهاتووش زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەت وەربگرێت.

دەشڵێت”لە ٢٠٢١ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە 68 پڕۆژە بوون بەگوژمەی ٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ٩٠٢ پڕۆژەش لەهەموو ناوچەكان بەگوژمەی ٢٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی پەسەندكراون، بۆ زیادبوونی دەستی كاری ناوخۆش مەرجە وەبەرهێن لە ٧٥٪ی دەستی كاری ناوخۆبێت، هەروەها ١١ئامادەیی و پەیمانگەی پیشەیی پەسەندكراون تاوەكو خەڵك بۆبازاڕی كار دروست بكەن لەدانیشتوانی هەرێم بۆ پڕۆژەكان، لەهەمان كاتدا بۆساڵی 2022یش نەخشەی وەبەرهێنان دروستدەكەن”‌.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەشكرد، داوای دابینكردنی زەوی پێویست دەكەن‌ و 50 پڕۆژە ئامادەكراوە بۆ سەرتاسەری هەرێم‌و 9 ناوچەی پیشەسازی گەورە دروستدەكرێن، بەنیازین لە٢٠٢٢ چەند ناوچەیەكی پیشەسازیش لەدهۆك و سلێمانی تەواوبكرێت، لە ساڵی 2022 دوو كۆنفرانسی گەورەی ژینگەیی‌و كشتوكاڵی لەهەرێم ئەنجام دەدەین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پڕۆژانەی لەساڵی 2006وە مۆڵەتیان پێدراوە هەزارو ٨٦ پڕۆژە بوەو 150 پڕۆژە مۆڵەتەكانیان هەڵوەشاوەتەوەو هەزارو ١٦ پڕۆژەی مۆڵەتدراو ئێستا لەكاردان‌و ئەوانەش هەڵوەشاوەتەوە دراونەتە وەبەرهێنەری ترو هەوڵەكان بەردەوامە بۆ چارەسەری كێشەی ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبون كە هاوڵاتیان كێشەیان لەگەڵیان هەبووە، بەتایەت پڕۆژەكانی دەشتی بەهەشت‌و فلۆریا ستی‌و چەندان پڕۆژەی تر زیاتر لە100 هەزار دۆلاریان داوەو هیچ یەكەیەكیان بۆ دروستنەكراوە.