ئێران لە سلێمانی ناوەندێكی بازرگانی ئینتەرنێت دەكاتەوە

سەرکۆنسوڵی ئێران رایگەیاند:” لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوەندێکی بازرگانی لەم شارەدا دەکرێتەوە، کە 30 کۆمپانیای ئینتەرنێتی و 100 مارکەی جیاوازی ئێرانی لە خۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی شوباتی 2022، مەهدی شوشتەری، سەرکۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی لەگەڵ بازرگانانی پارێزگای کرماشان کۆبووەوە و رایگەیاند:” ئەو ناوەندە بازرگانییەی کە لە سلێمانی دەکرێتەوە لە بوارەکانی دۆزینەوەی بازاڕ، پەیوەندیکردن و گواستنەوەدا چالاکی دەکات”.

لە ساڵانی رابردوودا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق تاوەکوو 12 ملیار دۆلاریش رۆیشت، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە ئەمە ئێستا دابەزیوە. ئێران ئێستا لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رکابەری زۆریشی هەیە.

بەرپرسانی ئێران، تورکیا بە گەورەترین رکابەری خۆیان دەزانن. تورکیا ساڵی رابردوو بڕی 18 ملیار دۆلار کاڵا و کەلوپەلی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوو، کە ئەمە دوو هێندەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق بوو.