دۆلار بەرزترین ئاستی تۆماركرد

ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزترین ئاستی تۆماركرد و 100 دۆلاری ئەمریكی 152 هەزار دیناری تێپەڕاند.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە دۆلاری ئەمریكی بەرزترین ئاستی تۆماركرد و لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕكردنی دراو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، 100 دۆلار 152 هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام دواتر نرخەكان دابەزینیان بەخۆیانەوە بینی.

كەمێك لەمەوبەر بەهای 100 دۆلار بۆ 151 هەزار و 700 دینار دابەزی، سەرباری ئەوەش بەراورد بە دوێنێ بەرزترینە، بەو پێیەی دوێنێ بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 150 هەزار و 950 دینار بوو.

سەرباری ئەوەی بانكی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دابوو بەوەی لە ماوەی دوو هەفتەدا بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، كەچی ماوەی چەند رۆژێكە بەهای دۆلار بەردەوام لە هەڵكشانی زیاتردایە و هۆكارەكەشی كەمیی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی و زۆریی خواست لەسەر ئەو دراوەیە.