بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین

سێ رۆژە بەهای دۆلار لە ئێران بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆیە نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتە گەیشتە نزیکەی 39 هەزار تمەن

ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 38 هەزار و 700 تمەن و هاوکات بەهای زێڕیش بەرز بوەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا سەپاندنی سزای نوێ دژی دەسەڵاتی تاران و کەمبونەوەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانە لە بازاڕەکاندا.

بە پێی راپۆرتە ئابورییەکان دراوی تمەن لە مێژوی دروستبونیەوە تا ئێستا زیاتر لە 95٪ی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست داوە .

لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان و خۆپشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران نزیکەی 30 هەزار تمەن و بە گشتی لە سێ مانگدا بەهای هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە نزیکەی نۆ هەزارتمەن بەرز بوەتەوە.

پێشبینیی دەکرێت بە کاردانەوەی توندی دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران و سەپاندنی سزای سێدارە، کاردانەوە و سزای نێودەوڵەتیی زیاتر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگرێتەوە و بەهای تمەن بەشێویەکی بەرچاو بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر.