“دۆخی بازرگانی لە هەرێم زۆر باشە و 900 مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دراون”

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات كە ئەمساڵ دۆخی بازرگانی زۆر باشە و مامەڵە بازرگانییەكان لەزیادبووندایە، بەجۆرێك ئەمساڵ زیاتر لە 900 مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دراون، دووپاتی كردەوە، هەروەها ملیارێك و 500 ملیۆن دیناریش بۆ هاوردەكردنی كاڵاكان بۆ هەرێمی كوردستان خەوێندراوە.

نەوزاد شێخ كامیل، بەرێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  ڕایگه‌یاند، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی رەمەزان خواست زۆرە، بەڵام لە بەرانبەردا كاڵاش لە بازار زۆرە، بۆیە كاریگەری و گرانبوونی نرخی كاڵاكان دروست نەبووە.

روونی كردەوە، ئەمساڵ جموجۆڵی بازرگانی زۆر باشە و تەنیا لە مانگی شوباتی رابردوو بەهۆی كارەساتی بوومەلەرزەكەی توركیا جووڵەی بازرگانی كەم بوو، چونكە كاریگەری زۆری هەبوو و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جموجۆڵی بازرگانی وەستا، ئەگەرنا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو جووڵەی بازرگانی زیاتر بوو.

شێخ كامیل دووپاتی كردەوە، ئەمساڵ زیاتر لە 930 مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دراوە و زیاتر لە ملیارێك و 500 ملیۆن دیناریش بۆ هاوردەكردنی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، بۆیە ئەمساڵ دۆخی بازرگانی زۆر باشە و بەردەوام لەزیادبووندایە.