پارێزگاری بانکی ناوەندی: حەواڵەکردنی دراو بەشێوەیەکی باش رێکخراوەتەوە و هەوڵی جێگیرکردنی دینار دەدەین

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بەھای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیر بکرێت.

ئەمرۆ پێنجشەممە 13ـی 4ـی 2023، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی بەقاچاغ بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراق پەیوەستبوو بە راگرتنی سپیکردنەوەی پارە و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، لەئێستاشدا حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە بەشێوەیەکی باش رێکخراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار جێگیربکرێت، جەختیشدەکاتەوە کە لەناوخۆی عێراقدا ھیچ قەیرانێکی دارایی بوونی نییە، بەڵکو بەرزبوونەوەی دۆلار پەیوەست بوووە بە گۆڕینی رێکارەکانی تایبەت بە حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە لە رێگەی پەنجەرەی ئەلیکترۆنییەوە.

عەلی عەلاق دەشڵێت، بەغداد و واشتنۆن رێککەوتوون کەناڵەکانی حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە فراوانتر بکرێن.