دواکەوتنی موچە بازاڕی قوماشی خاوکردۆتەوە

ئا: زریان محەمەد

بازاڕەکان قەرەباڵغن جمەیان دێت‌و خۆئامادەکردنی هاوڵاتیان بۆ پێشوازیکردن لەجەژنی نەورۆز بەردەوامە، بەڵام بازاڕی قوماش فرۆشی وەک پێویست نییە، بازرگانان دەڵێن “دواکەوتنی موچە هۆکاری سەرەکیە بۆخاوبونەوەی بازاڕ”.

عەتا رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و بازرگان لەهاوردەکردنی قوماش بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وتی “بازرگانان بەردەوام قوماشی نوێ هاوردە دەکەن بۆ ناو بازاڕەکان بۆ ژنان‌و بۆ پیاوان بەتایبەت لەپێش هاتنی جەژنی نەورۆز، چونکە هاوڵاتیان خواستیان لەسەر زۆرتر دەبێت، بۆ ئەمساڵ قوماشی تازە زۆر هاتۆتە بازاڕەکان بەڵام بۆ ئەمساڵیش جارێکی تر دواکەوتنی موچە کاریگەری زۆری بۆ بازاڕ دروستکردووە”.

وتیشی “لەسەرەتای ئەمساڵەوە هاوڵاتیان زۆر بەگەرمی دەستیان بەکڕینی قوماش کرد، بەڵام دروستبونی قەیران لەوڵاتدا جارێکی دیکە خاوی خستەوە ناو بازاڕەکان، بەتایبەت نەدانی موچە هۆکاری سەرەکیە بۆ خاوبونەوەی بازاڕ بەتایبەت فرۆشی قوماش، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی بەرچاو لەهاوڵاتیان جلوبەرگیان کڕیوەو ئامادەکاریان کردووە بۆ جەژنی نەورۆز”.

سەبارەت بەهاوردەکردنی قوماش، عەتا رەجەب وتی “هاوردەکردنی قوماش لەئێستادا بەزۆری لەوڵاتی هندستان‌و چین دێت، نرخیش گران بووە، بەهۆی گرانبونی نەوت لەبازاڕەکاندا”.

وتیشی “نرخی قوماش بەپێی کوالێتی جیاوازی هەیە، قوماشی کوالێتی بەرز نرخی گرانە، چونکە مادەی خوری‌و پۆلیستەری تیادا بەکاردەهێندرێت بەهۆی باشی خوریەکانەوە”.

ئەم بازرگانە جەخت دەکاتەوە ساڵانی پێشتر هاوڵاتیان رەوشی مادییان جێگیرتربوو دڵیان خۆشتر بوو بۆیە بازاڕ داواکاری زۆرتری لەسەر بووە، بەڵام لەمساڵدا بازاڕەکان بەو شێوەیە نیە.

لەگەڵ ئەوەی بازاڕ خاوی پێوە دیارە بەڵام بەرگدروەکان توانای وەرگرتنی قوماشیان نەماوە بۆ ئامادەکردنی جلوبەرگ بۆ هاوڵاتیان.

عومەر ئەحمەد، بەرگدروو لەشاری سلێمانی بە ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وت “ماوەی یەک مانگە من هیچ قوماشێکم وەرنەگرتووە بۆ دورین، چونکە فریاناکەوم تا نەورۆز جلوبەرگ بدروم‌و فریای موشتەریەکانمی بخەم، هاوڵاتیان قوماش دەکڕن‌و سەردانمان دەکەن، ئێمەش ناتوانین لێیان وەربگرین، چونکە تەنها فریای ئەوانە دەکەوین کە پێش مانگێک وەرمانگرتووەو بەڵێنمان پێداون بۆیان تەواو بکەین”.

وتیشی “ساڵانە لەکاتی هاتنی بەهارو جەژنی نەورۆز خواست لەسەر درونی جلوبەرگی کوردی زیاد دەبیت، هەربۆیە ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین تا بتوانین بەزوترین کات دڵی زۆرترین موشتەریەکانمان ڕازی بکەین، ئەوەی فریا بکەوین دەیدروین ئەوەی فریاش نەکەوین پێیاندەڵێین کە ناتوانین بۆیان بکەین”.

ساڵانە لەهەرێمی کوردستان لەوەرزی بەهارو هاتنی جەژنی نەورۆز خواست لەسەر جلوبەرگی کوردی پیاوان‌و ژنان زۆر دەبێت.