عێراق خاوەنی 96.4 تۆن زێڕە و لە ڕیزبەندیی 37ـەمینی جیهان نزیكدەبێتەوە

یەدەگی زێڕی عێراق زیاتر لە 96 تۆنە و لە ڕیزبەندیی 37ـەمینی جیهان نزیكدەبێتەوە.

ئیحسان شمەران جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرایكرد، ئێستا عێراق خاوەنی 96.4 تۆن زێڕە.

شمەران ئەمڕۆ پێنجشەممە لێدوانی بۆ میدیای فەرمیی عێراق داوە و ڕایگەیاندووە، پێشتر عێراق لە ڕیزبەندیی 39ـیەمینی وڵاتانی جیهاندا بوو لەڕووی قەبارەی یەدەگی زێڕەوە، بەڵام ئێستا لە ڕیزبەندیی 37ـەمینی جیهان نزیكدەبێتەوە.

بەپێی داتاكانی ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ، لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا، یەدەگی زێڕی وڵاتان 11 تۆن زیادیكردووە بە بەراورد بە مانگێك پێش ئەوە كە كانوونی یەكەمی 2021 بوو.

ئەنجومەنەكە دەڵێت، یەدەگی زێڕی بانكە ناوەندییەكانی جیهان گەیشتووەتە 35 هەزار و 571 تۆن و 300 كیلۆگرام زێڕ.

لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا، عێراق پلەی پێنجەمی گرتووە لەڕووی یەدەگی زێڕەوە و خاوەنی 96 تۆن و 400 كیلۆگرام زێڕە، سعودیە 323 تۆن زێڕی یەدەگی هەیە و یەكەمی نێو وڵاتانی عەرەبییە، وەك ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ ئاشكرایكردووە.