خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی شۆڤاژ: به‌داخه‌وه له‌هه‌رێمی كوردستان سیسته‌می غاز بووه به‌فۆبیا

ئا: رێژەن سەردار

كاروان به‌رزان خه‌فاف خاوه‌نی كۆمپانیای ئۆ پی غاز رایده‌گه‌یه‌نێت ”هۆكاری سه‌ره‌كی ته‌قینه‌وهی‌ شۆڤاژ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی خراپ‌و كوالێتی نزم له‌گه‌ڵ به‌ستنی سیسته‌مه‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌ستای نه‌شاره‌زاوه‌”.

كاروان به‌رزان خه‌فاف، خاوه‌نی كۆمپانیای ئۆ پی غاز بەڕۆژنامەی‌ ”بازرگانی‌و پیشه‌سازی” ڕاگه‌یاند سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌یه‌ بۆ هاورده‌كردنی هه‌موو جۆره‌ كوالێتییه‌كی کەرەسەی شۆڤاژ، بۆیه‌ زۆر جار کەرەسەی ساختەو کوالێتی نزم‌و خراپ دەهێنرێتە کوردستانەوەو کارەساتی لێدەکەوێتەوە، ئەو وتی “ناتوانم بڵێم سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی شۆڤاژ كه‌ له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندان باش‌و كوالێتی به‌رزه‌، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ زیاتر به‌كارهێنانی كه‌ره‌سەکانە‌ به‌هه‌ڵه‌و نا‌شاره‌زایی دروستی ده‌كات نه‌ك نزمی كوالێتی، بۆ نمونه‌ هه‌ندێك وه‌ستا بۆری پلاستیكی به‌كارده‌هێنن بۆ گواستنەوەی غازەکە، یاخود ئه‌و قفڵ‌و جۆین‌و كه‌رەسانه‌ی تر كه‌ له‌كاتی به‌ستنی سیسته‌می شۆڤاژه‌كه‌ به‌كاریده‌هێنن تایبه‌ت نیه‌ به‌غاز، ئه‌مه‌ كێشه‌ دروست ده‌كات به‌پله‌ی یه‌كه‌م، به‌ پله‌ی دووهه‌میش نزمی كوالێتی ماده‌كه‌ كێشه‌ دروست ده‌كات”.

وتیشی ”ئێمه‌ ئاگادارین كه‌ره‌سه‌ هه‌یه‌ له‌بازاڕه‌كانی كوردستان له‌وڵاتی چین دروست ده‌كرێت، به‌ڵام لێی نوسراوه‌ دروستكراوی ئیتاڵیا، هاوڵاتییه‌ك شاره‌زا نه‌بێت له‌م بواره‌ توش ده‌بێت‌و ده‌خه‌ڵه‌تێنرێت، له‌به‌غدا رێگایه‌كی زۆر دروست‌و باش گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ رێگری كردن له‌ كێشه‌كانی سیسته‌می غاز، له‌به‌غدا پێش به‌ستنی سیسته‌می غازه‌كه‌، ده‌بێت سامپڵی سه‌رجه‌م كه‌ره‌سه‌كان ببرێت بۆ به‌رێوبه‌رایه‌تی كوالێتی كۆنترۆڵ یان وه‌زاره‌تی نه‌وت‌و غاز له‌وێ پشكنینی بۆ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ده‌رچوو ئینجا رێگه‌ ده‌درێت به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام لێره‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و رێكارانه‌ نیه‌”.

خاوه‌نی كۆمپانیای ئۆ پی غاز ئاماژە بەوە دەکات له‌شاری سلێمانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی سیسته‌می شۆڤاژ ده‌فرۆشن له‌ ١٥ شوێن زیاتر نین و هه‌موویان ناسراون، ئەو وتی “ئه‌وەی كێشه‌كه‌ی دروستكردوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی ته‌قینه‌وه‌و كاره‌سات تیادا رووئه‌دەن، سیسته‌مه‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌شاره‌زاوه‌ به‌ستراون، تاكو ئێستا هیچ شوێنێك كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیا ناسراوه‌كانه‌وه‌ به‌سترا بێت توشی كێشه‌ نه‌بووه، كه‌سانێك نه‌شاره‌زان ده‌ستكاری سیسته‌مه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی ئەوانەی لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن تیاندایه‌ له‌حیمچییه‌ له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ستكاری سیسته‌می غاز ده‌كات، مه‌رج نیه‌ ئه‌وه‌ی له‌حیمچی بوو ئیتر بتوانێت هه‌موو ئیشێك بكات، ئه‌وان مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی نازانن”.

وتیشی ”مه‌رجی كاركردن وه‌ك وه‌ستای شۆڤاژ لای کۆمپانیاکانی ئێمە ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت تاقیكردنه‌وه‌ی له‌حیمی (سی پی جی) پێبكرێت، زۆر شاره‌زا بن له‌جۆره‌كانی له‌حیم كردن، ده‌بێت له‌ژێر چاودێری ئه‌ندازیاری غاز كار بكه‌ن، شتێك نیه‌ به‌ناوی ئه‌ندازیاری غاز یان به‌شی ته‌كنینی غاز له‌زانكۆكان، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شاره‌زان، خولی راهێنانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بینیوه‌، یان له‌ژێر كۆمه‌ڵك رێنمایی كار ده‌كه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ ده‌رچووه‌، من خۆم له‌وڵاتی به‌ریتانیا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ئه‌ندازیاری غازم خوێندوه‌و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌ندازیاری شاره‌زادا بووم ئینجا رێگه‌م پێدرا خۆم به‌سه‌ربه‌خۆیی كاری سیسته‌می گاز بكه‌م له‌به‌ریتانیا، بەڵام لێره‌ كاره‌كان ئاسانه‌”.

سەبارەت بەوەی دوای تەقینەوەی ئەو سیستەمی غازەی لەماڵێکی ناو شاری سلیمانی رویدا، ئیش‌و کارەکانی تایبەت بەشۆڤاژ پاشەکشەی نەکردووە، كاروان به‌رزان خه‌فاف، خاوه‌نی كۆمپانیای ئۆ پی غاز وتی ”به‌داخه‌وه‌ راگه‌یاندن‌و فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ له‌سلێمانی هاوڵاتیانیان زۆر ترساند، بێگومان له‌هه‌موو وڵاتانی جیهان لەم بوارەدا كێشه‌ رووئه‌دات، ته‌نانه‌ت له‌وڵاته‌ زۆر پێشكه‌وتوه‌كانیش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ببێته‌ وانه‌یه‌ك كه‌ كه‌موكوڕییه‌كان چاك بكرێت، بەڵام به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان سیسته‌می غاز بووه‌ به‌فۆبیا، ئێمه‌ له‌ساڵی ٢٠١٤وه‌ كار ده‌كه‌ین هیچ كاره‌ساتێك رووی نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا رووئه‌دات به‌هۆی کارکردنی كه‌سانی نه‌شاره‌زاوەیە کە هاتون لەم بوارەدا كار ده‌كه‌ن به‌نرخێكی هه‌رزان، بۆیه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ چاوه‌ڕوانكراو بوو”.

وتیشی “من له‌ساڵی ٢٠٠٢ له‌وڵاتی به‌ریتانیا ده‌ستم كرد به‌كاركردن له‌سیسته‌می غاز تاكو ساڵی ٢٠١٤ هاتمه‌وه‌ كوردستان، كۆمپانیاكه‌ ساڵێك پێش من له‌م بواره‌دا كاری ده‌كرد، كڕیمانه‌وه‌و تا ئێستا بێ کێشە کارمان کردووەو ساڵانە چێکی ئەو سیستەمە غازانە دەکەینەوە کە کارمان تیا کردون، تا بزانین تووشی هەڵکشان‌و داکشان نەبوون بەهۆی تێپەڕینی کات‌و گەرماو سەرماوە، بۆیە پێشنیاز ده‌كه‌م هاوڵاتیان كار له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بكه‌ن كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمیان هه‌یه‌، تاكو ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیش كرا بدۆزرێته‌وه‌و سزا بدرێت، به‌ڵام وه‌ستایه‌كی ماتۆرسوار ناتوانرێت بدۆزرێته‌وه‌، دووهم‌ شت پێویسته‌ ساڵانه‌ چێک‌و پشكنین بۆ سیسته‌مه‌كه‌ بكرێت له‌لایه‌ن وه‌ستایه‌كی شاره‌زاوه‌”.