گرانبوونی نرخی سووتەمەنی جارێکی دیکە مەیلی خەڵکی بۆ دانانی سۆپای دار زیاد کردووە

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، هاووڵاتییان لە خەمی خۆگەرمکردنەوەدا دەبن و ئامادەکاری دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرما، یەکێک لە ئامادەکارییەکانیش دابینکردنی سۆپای دارە لە ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکان کە تا ئێستاش لە بەشێک لە ناوچەکان ئەم جۆرە سۆپایە بۆ خۆگەرمکردنەوە لە سەرمای وەرزی زستان بەکاردەهێنرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە.

هەرچەندە جاران لە گوند و لادێکان سۆپای دار بەکاردەھات، بەڵام ئێستا بەهۆکاری جیاجیا خەڵک لەناو شارەکانیش خواستیان لەسەر سۆپای دار ھەیە کە دیارترینیان هۆکاری گرانبوونی نرخی نەوت و نەبوونی کارەبایە.

وەستا لوقمان حەسەن ماوەی نیو سەدەیە پیشەکەی دروستکردنی سۆپای دارە کە لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە، ئەو ساڵانە بە بیرۆکەی نوێ دەست دەکات بە دروستکردنی سۆپای دار و لەئێستاشدا، لەبری سۆپای بازنەیی، سۆپای چوارگۆشەیی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست دەکات کە خواستی ئەو شێوازەیان هەیە.

سەرەتا پلێتەکان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و دواتر لە رێگای ئامێری بڕین، دیزاینکردن و لەحیمکردنەوە دەیکەن بە سۆپا و بەگوتەی ئەو پیشەکارە، پلێتەکان چەند جۆرێکیان هەیە و جۆرە تورکییەکەی کوالێتی لەوانی دیکە باشترە.

وەستا لوقمان حەسەن بەدەم بڕینی پلێتەکان و دیزاینکردنیان وتی: “لە تەمەنی منداڵییەوە لەلای باوکم دەستم بەو ئیشە کردووە، سەرەتا لە ساڵانی پەنجاکان دوکانمان لەناو بازاڕی قەیسەری بوو، ئەوکات شێوازی کارکردن جیاواز بوو ئامێر نەبوو، هەموو کارەکانمان بە دەست دەکرد، بەڵام ئێستا چەندین ئامێری پێشکەوتوو هەیە بۆ خێراترکردن و ئاسانترکردنی کارەکانمان”.

لەبارەی کوالێتی پلێتەکانیشەوە، وەستا لوقمان حەسەن وتی: “بەپێی وەرزەکان، مەوادی پلێتەکە دەگۆڕێت، ئەوەی ئێستا هەیە لە تورکیا و ئێران هاوردە دەکرێن، ئەوانیش کوالێتی بەرز و نزمیان هەیە، بۆ سۆپای دار زیاتر پلێتی رەنگ رەش بەکاردەهێنین کە پلێتەکە لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت”.

وەستا لوقمان حەسەن، ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا زۆرینەی سۆپا دروستکردنەکەی بە شێوازی چوارگۆشەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت: “کاتی خۆی بیرۆکەیەکم بۆ هات کە سۆپای دار لە شێوازی بازنەیی بکەمە شێوازی چوارگۆشەیی و نیوەی دەرگاکەیشی بکەمە شووشە بۆ ئەوەی ئاگرەکەی ناو سۆپاکە بە جوانی دیاربکەوێت، ئیتر دەستم پێی کرد و ئێستاش خەڵکێکی زۆر خواستی لەسەرە ئەو جۆرە چوارگۆشەیە”.

ئەو وەستایە پێیوایە دانانی سۆپای دار لە ماڵەکان، جگە لەوەی هۆکاری نەبوونی نەوت و کارەبایە، هاوکات جوانییەکی تایبەتیش بە شوێنەکە دەبەخشێت و لەمبارەیەوە وتی: “ساڵانە کاتێک سەرما دادێت و نەوت دابەش ناکرێت، ئەوا خواستێکی زۆر دەکەوێتە سەر سۆپای دار، هەرچەندە ئەوەش کێشەی هەیە، چونکە دەستکەوتنی دار تۆزێک زەحمەتە، بەڵام نەبوونی کارەباش گرفتێکی دیکەی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی روو لە بەکارهێنانی سۆپای دار بکەن”.

سۆپای دار، جگە لە شوێنگرەوەی نەوت و کارەبا، هاوکات خەڵک وەک کەرەستەیەکی کولتووریش لەماڵەوە دایدەنێن و جوانییەکی تایبەت دەبەخشێتە شوێنەکە، بەڵام دەستکەوتنی دار بۆ سووتاندن و گەرمکردنی سۆپا یەکێکە لە گرفتەکان و هاووڵاتییان بە زەحمەت داری پێویستییان دەست دەکەوێت.