حکوومەتی عێراق لە ڕیگای دوو بانکەوە قەرز بە حکوومەتی ھەرێم دەدات

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند کە بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، بە قەرز بانکەکانی رافیدەین و رەشید، رێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان- عێراق واژۆ دەکەن، داوایشی کرد لە نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێم کە بۆ ئەو مەبەستە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو بانکەکەدا بکەن.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: “لەسەر بنەمای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و جێبەجێکردنی بڕیاری (٢٣٥٠٠) کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێی ئەیلوولی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیران دەرکراوە، ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید رێککەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان واژوودەکەن بۆ پێدان و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بەڵام دەبێت گرەنتیی ئەوە بدرێت کە ئەو قەرزە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەگەڕێندرێتەوە و لە شایستەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی بەندەکانی یاسای بوودجە پاکتاو دەکرێت”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: “وەزارەتی دارایی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی کە گرەنتی مافی دارایی ھەموو ھاووڵاتی و فەرمانبەران بکات، بەپێی رێکار و رێنماییە نووسراوەکان و بڕیاری حکوومەتی فیدراڵی بە خەرجکردنی قەرزێکی دارایی بە حکومەتی ھەرێم وەک مووچەی فەرمانبەران”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم کراوە کە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو بانکانە بکەن، تاکو وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان-عێراق واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە بکات کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بڕیاری لەسەر دراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا، دووپاتی کردووەتەوە کە بەپێی ئەوەی لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣ـدا ھاتووە، جێبەجێ دەکات، بە تایبەتی دابینکردنی شایستە داراییەکان و ڕایگەیاندووە: “سوورین لەسەر ئەوەی داواکارییەکانی فەرمانبەران لە ھەرێمی کوردستان و چاکسازییە داراییەکان جێبەجێ بکەین، ئەوەیش بە ئامانجی برەودان بە گەشەی ئابووریی لە وڵاتدا”.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت ڕۆژی چواری ئەم مانگە، وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان- عێراق، ئاوات جەناب نوری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندبووکە لە ماوەکانی ڕابردوودا، زنجیرە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە.

ئاوات جەناب نوری ئاشکراشی کردبوو کە بەپێی یاسای بوودجەی گشتیی، پێویستە حکوومەتی عێراق، مانگانە بڕی یەک تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنرێت، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق بە قەرز، پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەنێرێت.

ئەوەیشی خستبووەڕوو، حکوومەتی ھەرێم مانگانە پێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینار ھەیە تاکو مووچەی مووچەخوران دابەش بکات، کەچی حکوومەتی عێراق بڕیارداوە ٥٠٠ ملیار دینار وەک قەرز بۆ ھەرێم بنرێت گوتبووی: “ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە حکوومەتی فیدراڵیی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەینرێت، لەگەڵ داھاتی ھەرێم بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات”.