حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی 15٪ی پێشینەكانی هاوڵاتیان

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە داشكاندنی رێژه‌ی 15% له‌و پێشینانه‌ی حكومه‌ت كه‌ له‌ لای هاوڵاتییانه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زیری دارایی و ئابووریش فراوانده‌كرێت بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌موو جۆره‌ ئاسانكارییه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان به‌ شێوازی قیستیشه‌وه‌ بۆ پێدانی باج و ره‌سمی كه‌ڵه‌كه‌بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2022 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی خستەڕوو تایبەت بە رێکخستنەوەی بابەتەکانی رۆزنامەی کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی کشتوکاڵی و پیشەسازی، بەجۆرێک کە رێگەبگیرێت لە سوودمەندن بوونی ناڕەوا و لە بەرژەوەندیی کەرتی تایبەتی خۆماڵیی و جووتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵیی وپیشەسازییەکان رێکبخرێتەوە، هەروەها پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونی گومرگی پڕۆژەکان وبەدواداچوونی کاری دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان و رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بە ئاراستەی برەودان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییەکان لەم بوارانە، لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا و خزمەتی هاووڵاتیيان وپشتیوانی کەرتی تایبەت وهاندانی وەبەرهێنان.

لە دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی لیژنە وەزارییەکەی پەسەندکرد بە راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی چارەسەرەکان کە هەر وەزارەتێک لەگەڵ هاوتا فیدڕاڵيیەکەی لە پەیوەندی وکۆبونەوە بن تاوەکو بڕیارەکانی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و رۆزنامەی کشتوکاڵی و لێخۆشبوونە گومرگییەکان بە هەماهەنگی دەربچن دوای پەسەندکردنیان لە ئەنجومەنی وەزیران، بەجۆرێک هەموو لایەک پێیانەوە پابەند بن بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەردوو لا لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکان.

لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران ئەو پێشنیارانەی پەسەند کرد کە خرانەڕوو بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتیان لە دانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆیانە بۆ وەزارەتی دارایی وئابووری، تا وەک داهاتی گشتی جارێکی دیکە خەرجبکرێتەوە بۆ خەرجییە گشتیەکان وبەرژەوەندیی هاووڵاتیيان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، کە پێشنیارەکان بریتی بوون لە داشکاندنی رێژەی 15٪ لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاووڵاتییانە وەک ( پێشینە خانووبەرە و و سندوقی نیشتەجێبوون و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادەبن تا 90 نەوەد رۆژی کار لە رێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواوی بڕی پێشینەکانی بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، ئەم داشکاندنە بە رێژەی 15٪ پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ( شارەوانییەکان، گەشتوگوزار، ئاو) و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، هەروەها لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو بەمەرجێک تەواوی باج و رەسم بدرێت بە حکومەت لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی سەرەوە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێدان وفراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازی قیستیششەوە بۆ پێدانی باج و رەسمی کەڵەکەبوو، بە مەرجێک داواکاریی بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت لە ماوەی دەستنیشانکراو.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان وردەکاری پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کرد بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو – له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نه‌وتی سپی، ئاماژەیدا بەوەی کە وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگيی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان به‌رده‌وامن‌ له‌ دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هاووڵاتیاندا و تاكو ئێستاش نزیکەی 67.248.98 ملیۆن لیتری دابین كردووه‌‌، و تا رێکەوتی 16ـی کانوونی دووەمی 2022 بڕی (28.232.126) لیتر بۆ هەولێر دابین کراوە و له‌و بڕه‌ش (23.690.800) لیتر به‌سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی (چۆمان، رواندز، سۆران، مێرگه‌سۆر، شه‌قڵاوه‌) دابه‌شكراوه‌ و هه‌روه‌ها بڕی (5.827.800) لیتر به‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ر (واتە خه‌بات و بنه‌سڵاوه‌) دابه‌ش كراوه‌، بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە تاكو 16ـی کانوونی دووەمی 2022، بڕی‌ (18.253.096) لیتر دابینکراوە و له‌و بڕه‌ش (8.044.000) لیتر به‌سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پێنجوێن، قه‌ڵادزێ، هێرۆ، هه‌ڵشۆ، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دوكان دابه‌ش كراوه و ‌( 6.826.000) لیتر له‌ سه‌نته‌ری شار دابه‌شكراوه‌ و (1.852.000) لیتر له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجەش‌ دابه‌شکراوه‌ .

لە پارێزگای دهۆكیش تاکو 16ـی کانوونی دووەمی 2022، بڕی (19.248.780) لیتر دابینکراوە و له‌و بڕه‌ش‌ (13.387.400) له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابه‌ش كراوه‌ و له‌ ده‌ورووبه‌ریش واتە (ئاكرێ، سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش و شێخان) بڕی (6ز021.200) لیتر دابه‌ش كراوه‌.

بە پێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هه‌ر خێزانێك 200 لیتری پێ ده‌درێت به‌ نرخی 55 هه‌زار دینار کە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە دابین دەکرێت ونه‌وته‌كه‌ش له‌ به‌رزترین ئاستی كواڵێتیدایه.

ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان، جەختی کردەوە لە وەزارەت کە پەلە بکەن لە گەیاندنی ئەو نەوتەی کە لە عەمبارەکاندایە بە هاووڵاتیان بە پێی ژمارەی دانیشتووان وشایستەبوونی پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ دابینکردنی نەوتی سپی.