بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی: تائێستا جوڵەی بازرگانی نەھاتۆتەوە باری ئاسایی خۆی

ئا: زریان محەمەد

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “گوندی کارگۆی فڕۆکەخانە یەکێکە لەباشترین‌و تازەترین گوندەکانی کارگۆ لەفڕۆکەخانەکانی عێراقدا، بەڵام رۆتینی زۆرو تەعریفەی گومرگی‌و جیاوازی لەجێبەجێ کردنی ڕێنمایی دارایی‌و بەڕێکردنی کاروباری بازرگانان وایکردوە جوڵەی بازرگانی لەفڕۆکەخانەیەدا سست بێت”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: فڕۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی بۆ چەند وڵات گەشتی هەیە؟

تاهیر عەبدوڵا: ئەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ گەشتیان بۆ دەکرێت لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بریتین لەئەردەن، لبنان، میسر، ئیمارات، قەتەر، ئێران، تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، دانیمارک‌و چەند گەشتێکی کارگۆو ھاوڵاتی دەتوانێت بۆھەر وڵاتێک کە بیەوێت لەرێگەی ئەوھێڵانەوە سەفەر بکات لەسەرتاسەری جیھاندا .

بازرگانی‌و پیشەسازی: بەراورد بەساڵانی پێشوو ژمارەی گەشتەكانتان زیادی كردووە یان كەم؟
تاهیر عەبدوڵا: ئەگەر مەبەست ساڵی ٢٠٢١ بێت‌و بەراوردی بکەین بەساڵی ٢٠٢٠، بەڵێ گەشتەکانی ساڵی ٢٠٢١ زیاترە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٠ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشتەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤ مانگ وەستێنران. خۆ ئەگەر ساڵی ٢٠١٦ یان ٢٠١٧ یان ٢٠١٨ وەربگریت بێگومان لەساڵی ٢٠٢١ زۆر کەم گەشتیار (ڕێبوار) سەفەریان کردووە، لەھەمانکاتدا ئەنجامدانی گشتپرسی ساڵی ٢٠١٧ کاریگەری زۆر خراپی لەسەر جوڵەی گواستنەوەی ئاسمانی ھەبوو، بەتایبەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی، چونکە سەرەڕای ئەوەی عیراق بۆ ماوەی ٦ مانگ گەشتەکانیان ھەڵپەسارد، وڵاتی تورکیاش سەرجەم ئەو گەشتانەی کە لەتورکیاو بەسەر ئاسمانی تورکیادا ئەھاتن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاند، کە ماوەی ١٦ مانگی خایاند بەدەر لەھەموو یاساکانی ناوخۆیی‌و ڕێککەوتنە دوو لایەنەکانی تورکیاو عێراق، بێ ئەوەی عێراق ھیچ کاردانەوەیەکی ھەبێت بەپێی گرێبەست‌و ڕێککەوتنەکان .فرۆکەخانەکەمانەوە لەساڵی ٢٠١٤ زیاتر لەنیو ملیۆن کەس سەفەریان کردوە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠٢١ تەنھا (٢٨١٧١٧) دوو سەدو ھەشتاو یەک ھەزارو حەوت سەدو حەڤدە گەشتیار سەفەریان کردوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا كۆرۆنا تا چەند كاریگەری هەبووە لەسەر گەشتەكانی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی؟
تاهیر عەبدوڵا: جوڵەی بازرگانی بەراورد بەساڵانی پێشوو زۆر کەمی کردوە، یەکێک لەهۆکارەکان ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هۆکارێکی دیکە ڕۆشتنی چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی بۆ فڕۆکەخانەو دەروازەکانی تر بەھۆکاری گۆڕانکاری‌و ناشارەزایی ھەندێ بەرپرس بۆ ماوەیەک، تا ئێستاش جوڵەی بازرگانی نەھاتۆتەوە باری ئاسایی خۆی کە دەبوو لەم بارودۆخەدا چەندین کۆمپانیای بازرگانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بکردایە، لەکاتێکدا گوندی کارگۆی فڕۆکەخانە یەکێکە لەباشترین‌و تازەترین گوندەکانی کارگۆ لەفڕۆکەخانەکانی عێراق، بەڵام ڕۆتینی زۆرو تەعریفەی گومرگی‌و جیاوازی لەجێبەجێ کردنی ڕێنمایی دارایی‌و تەعریفەو بەڕێکردنی کاروباری بازرگانان وایکردوە جوڵەی بازرگانی لەفڕۆکەخانەکەمان سست‌و کەم بێتەوە، سەرەڕای کارکردنمان بۆ ئاسانکاری‌و ھاندانی کۆمپانیاکان.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو كاڵاو بەرهەمانە چین لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتییەوە هاوردە دەكرێن؟
تاهیر عەبدوڵا: جۆری ئەو کاڵاو شمەکانەی کە لەڕێگای فڕۆکەخانەوە ھاوردە دەکرێن ھەمەجۆرە، کەرەستەی یەدەکی ئۆتومبێل‌و کۆزمەتیک‌و گوڵ‌و بەرھەمی کشتوکاڵ‌و مۆبایل‌و کەرەستەی کارەبایی‌و ئەلەکترۆنی‌و دەرمان‌و ئامێری پزیشکی‌و ھەمەجۆری تر.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا هیچ پلانێك هەیە بۆ گەشتی نوێ لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە؟
تاهیر عەبدوڵا: رێکخستنی گەشت‌و دانانی خشتەی گەشت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای گواستنەوە توێژینەوەی سوودی ئەو گەشتە بکات:
١. ژمارەی ڕێواو گەشتیار لەھەردوو لای ھەرێمی کوردستان‌و وڵاتانی تر.
٢. جۆری کاڵاو شمەک.
٣. لایەنی ئاسایشی ناوچەو شوێنەکە.
٤. ئاستی فڕۆکەخانە لەڕووی سەلامەتی‌و کارگێری.
٥. چالاکی بازرگانی‌و گەشتیاری‌و زانست‌و کلتور.
بەوردبونەوە لەخاڵەکانی سەرەوە ھەموو شارەزاییەکی بواری گواستنەوەی ئاسمانی دەتوانێت جۆرێک لەبڕیار بدات لەسەر گەشتی نوێ‌و پێویستی ناوچەی سلێمانی بۆ گەشتی نوێ، بەدڵنیاییەوە تا چالاکی‌و بازرگانی‌و گەشتیاری زیاد بکات دەرفەتی گەشتی نوێ زیاد دەبێت، بەڵام بارودۆخی سیاسی ئاڵۆزی ناوچەکەش کاریگەری زۆری ھەیە لەگەڵ ئاستی دارایی ھاوڵاتیان‌و جوڵەی بازرگانی لەسەر ڕێکخستنی ھەر گەشتێک. لەئێستادا ھیچ گەشتێکی نوێ نیە توێژینەوەی بۆ بکرێت بۆ وێستگەی نوێ، ئەگەر مەبەستی سەرەکی ئەم بابەتە لایەنی بازرگانی بێت ئەوا ئەرکەکە زیاتر بەرەو ڕووی کۆمپانیاو بازرگانەکانی ھەرێمی کوردستان‌و بەتایبەتیش بازرگانانی ناوچەی سلێمانی دەبێتەوە .گەشەسەندن‌و برەودان بەچالاکییەکانی فرۆکەخانە دەرئەنجامەکەی بۆ جموجۆڵی بازرگانی‌و ھەلی کارو ڕووبەڕووبونەوەی بێکاری دەکەوێتەوە بەباشی، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لەدەروازەکانی تری دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەکاتێکدا دەبوو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی فشار بخاتە سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر ئاسانکاری‌و کەم کردنەوەی باج‌و رسومات لەسەر کاڵاو شمەکەکان بۆ ئەوەی جموجۆڵە بازرگانییەکان لەڕێگەی دەروازەکانی ناوچەی سلێمانی‌و فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بکرایە .ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا ھیچ لایەنێکی زانستی لەزانکۆو ناوەندەکان گرنگی نادەن بەلێکۆڵینەوە لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی‌و وەبەرھێنان لەفڕۆکەخانە، تا بتوانرێت لەھۆکاری دواکەوتن یان کەم بوونەوەی بواری بازرگانی‌و جموجۆڵی ئاسمانی بکۆڵێتەوە بەشێوازێکی زانستی‌و پراکتیکی لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەرو پێشنیاری ڕێگاکانی برەودان‌و گەشەدان، کە بۆ شاری سلێمانی‌و دەوروبەری ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، بەڵام لەبەر پەرت پەرت بوونی ناوچەکانی بازرگانی‌و پێشبڕکێی بازرگانان بەداخەوە ئەم سێکتەرە بەھیچ جۆرێک دڵخۆشکەر نیە بۆ گەشەسەندنی فڕۆکەخانەو دەروازەکانی ئەگەر بەردەوام بێت، ھیوادارم لەم بابەتە زیاتر بکۆڵدرێتەوە بۆ سوودی ھەموو لایەکمان. ‎