تۆتاڵی فەرەنسی کڕینی نەوتی ڕوسیا ڕادەگرێت

کۆمپانیای “تۆتاڵ ئینێرجی”ی فەرەنسی ئاشکرایکرد، لە کۆتایی ئەمساڵدا کڕینی نەوتی ڕوسی ڕادەگرێت، هۆشداریش دەدات لە داڕمانی مۆسکۆ لەئەنجامی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا.

کۆمپانیاکە کە بارەگاکەی لە پاریسە دەڵێت، “بەشێوەی پلە بە پلە چالاکییەکانی لە ڕوسیا هەڵدەپەسێرێت لەگەڵ گرەنتیی پاراستنی سەلامەتیی تیمەکانیان، لە 22ی ئەم مانگەشەوە سەرجەم مامەڵەکانی لەبازاڕی خێرای نەوت ڕادەگرێت لە نەوت و بەرهەمەکانی، هەروەها مامەڵەکانی پەیوەست بە بازرگانیی خێرای گازی سروشتی و گازی شل”.

بەرلە دوو هەفتەش گەورە کۆمپانیای نەوتی “SHELL”ی بەریتانی نیازی خۆی بۆ کشانەوەی پرۆژەکانی نەوت و گاز لەگەڵ ڕوسیا بەشێوەی پلە بە پلە ئاشکراکرد.

کۆمپانیای “SHELL” ڕوونیکردووەتەوە، وەک هەنگاوی یەکەم سەرجەم کارەکانی کڕینی نەوتی خاوی ڕوسیا لەبازاڕی نەوت ڕادەگرێت، هەروەها سەرجەم وێستگەکان، چالاکییەکانی لەبواری وزەی فڕۆکەوانی و وزەکانی دیکە ڕادەگرێت لە ڕوسیا.

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هەنگاوەکانی ئەو کۆمپانیا گەورانە لەناویشیاندا تۆتاڵی فەرەنسی کاریگەریی لەسەر ئاراستەکردنی کۆمپانیا ئەوروپییەکانی دیکە دەکات کە پشتبە هاوردەکردنی وزە لەڕوسیاوە دەبەستن.

ڕوسیا سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتە لەجیهاندا، لەدوای هەریەکە لە ئەمریکا و سعودیە، هەروەها 40%ی نەوت و گازی یەکێتیی ئەوروپا دابیندەکات.

کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی گرێبەستی هاوردەکردنی نەوتی ڕوسیی لە ڕێگەی هێڵی “لیۆنا”ەوە هەیە، کۆمپانیاکە دەڵێت، گرێبەستەکە لە کۆتایی 2022دا کۆتاییدێت.