بەهۆی توشبوون بە”شێرپەنجە”وە چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گوێزی هەورامان کەم بکات

ناوچەی هەورامان کە ناوچەیەکی سەختی ئاووهەوا فێنکی پارێزگای هەڵەبجەیە خاوەن باخێکی زۆری گوێزە، ئەمە جگەلەوەی باخی میوەکانی تریش هەن وەک توو و هەڵوژە و قەیسی و ترێ و هەرمێ و قۆخ. لەم باخانەدا دارگوێزی تیایە ٣٠٠ ساڵ تەمەنیەتی.

لەم ساڵدا بەهۆی سەرماوسۆڵەی سەختی زستانی رابردوو، هاوکات بەهۆی ئەو وشکەساڵیەی ماوەیەک هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتۆتەوە چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمەکانی گوێز کە ناوچەی هەورامانی پێناسراوە، کەم بکات.

فاتیح تەحسین عەبدولرەحمان، خاوەن باخی گوێز، ٧٠ ساڵان لەبارەی کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر بەرهەمی گوێز رایگه‌یاند: “ساڵی پار و ئەمساڵیش باران کەم بوو و وشکەساڵییە، تەنانەت هەندێک لە باخەکانی ناو دێ وشک بوون. تەماشای دار و درەختی ئێرەیش بکە بەهۆی گەرما و تینی خۆرەوە بیست لە سەدای زیاتر سووتاوە. ئاویش زۆر کەم بووەتەوە، بەجۆرێک لەکۆی ١٠ کانی لەم ناوچەیەدا تەنها دوو کانییان ئاویان تێدایە. ئەمساڵ ئاو زۆر کەم بووە.”

لەبارەی بەرهەم و ژمارەی گوێزی دارگوێزەکان لە رابردوو و ئێستادا ئەو خاوەن باخە دەڵێت، ”لە ساڵانی شەستەکان دارگوێزمان هەبووە سێ شەنیەر چوونە سەرەوەی شەست هەزار گوێزیان تەکاندووە، بەڵام ئەمساڵ پەنجا دارگوێز بتەکێنە شەست هەزار گوێزیان پێوە نییە.”

لەبارەی ئەو نەخۆشییەی داویەتی لە باخەگوێزەکانی تەوێڵە، مام تەحسینی باخەوان دەڵێت، “ئەوە شێرپەنجەی پێ دەڵێن، لایەکی گوێزەکە رەش دەبێتەوە. ئێمە بە چەقۆیەکی تیژ توێکڵەکەی دەگرینەوە و ئاوێکی زەردی لێ دێتە خوارەوە کە بۆنەکەی زۆر پیسە. ئینجا شوێنی چەقۆکە بە سابوون و تایت دەشۆین، ئەگەر زوو فریای بکەوین وشک نابێت. بەڵام ئەگەر پێی نەزانیت هەمووی وشک دەبێت. ئێستا لەو چەمەی خوارەوە ٣٠ لە سەدای گوێزەکان وشک بوون، هەمووشی بەهۆی فاست و سابووناوە کە چەمەکەی خوارەوە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت لەکاتێکدا باخەکان بەو ئاوە ئاو دەدرێن. بەڵام باخەکانی بەشی سەرەوەی تەوێڵە کەم وشک بوون کە بەنزیکەی دەکاتە یەک لەسەدا. گوێزەکانی چەمی ئاوێسەر زۆر کەم تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.”

سەبارەت بە کەم بوونی بەرهەمی کشتوکاڵی لەمساڵدا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحموود رایگه‌یاند:، “بەهۆی وشکەساڵی و ئەو سەرما و سۆڵە و بەفرەی لە زستاندا ناوچەکەی گرتەوە، کاریگەری زۆری نەرێنییان بەجێهێشتووە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ بەتایبەت لەسەر باخداری، باخی گوێز لەمساڵدا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە، هەروەها بەرهەمەکانی تریش وەک هەنار و زەیتون لەدۆخێکی خراپدان هۆکارەکەش ئەو دووانە کە باسم کرد”.

لەبارەی هەوڵەکانی ‌وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەرگرتن لە دیاردەی کەمبوونی بەرهەمی کشتوکاڵییە بەهۆی وشکەساڵی و سەرماوسۆڵەوە، ستار مە‌حمود دەڵێت، “دیاردەی وشکەساڵی کارێکی سروشتییە و لەسەروتوانای حکوومەتەوەیە کە بتوانێت بەزوویی چارەسەرێکی تەواوی بکات، بەڵام پلانی ‌حکوومەت بۆ دوورمەودا ئەوەیە لەئێستادا لەهەوڵدایە بۆ دروستکردنی بەنداو و تەنگاو و لەوشوێنانەی گونجاون بۆ گلدانەوەی ئاو، هاوکات ‌حکوومەت لە ساڵی پاردا لیژنەیەکی دروست کردووە بۆ ئەوباخانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، مۆڵەتی پێدان کە ژمارەیەکی باش مێرگ دروست بکەن بۆ ئەوەی وەک بەدیل بەکاری بهێنن بۆ ئاودێری لەباخەکاندا”.

گوێز توێکڵێکی تەنکی هەیە لەژێر توێکڵەی دیوی دەرەوەدا و لە رابردوودا دەبرایە بەغدا بۆ کارگەکان بۆ دروست کردنی سوورا و و بۆیاخی نینۆکی ژنان، ئەمە گوتەی مام تەحسین-ی باخەوانە.

سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی لەنێو دارگوێزەکاندا، ئەو باخەوانە بەئەزموونەی هەورامان، دەڵێت، ”ئەم توێکڵە تەنکە رەنگ زەردە خواردن دەبات بۆ گوێزەکان و هەر نەخۆشی و شتێک هەبێت لەڕێگەی ئەو توێکڵەوەیە. گوێزی پیر، واتە ئەو دارگوێزانەی تەمەنیان لە سەروو ١٠٠ ساڵەوەیە تووشی نەخۆشی نابن، بەڵکو نەمامەکان تووش دەبن. لە کۆنیشدا هەبووە دارگوێزەکان تووشی سەرەتان ببن، بەڵام حاڵەتەکە کەم یان دەگمەن بووە. ئەو ئاوەشی دەڕوات بۆ دارگوێزەکان ئەگەر لە دارگوێزێکەوە کە تووشی نەخۆشی بووە بڕوات بۆ دارگوێزێکی دیکە ئەوا ئەویش تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.”

ئەو باخەوانە باس لەوە دەکات کە لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو کە سەربازانی عێراق لەم ناوچەیە بوون، ئێران تۆپبارانی ئەم ناوچانە و باخەکانیشی کردووە و پارچەتۆپ و گوللەی بەرکەوتووە، بەهۆی ئەوەی دارگوێز زۆر ناسکە بە گوللەیەک ناوەوەی دەڕزێت.

ناوچەی هەورامان شوێنێکی جوگرافی گونجاوە بۆ گەشەکردنی داری گوێز هەر لەبەر ئەوە خەڵکی ئەم ناوچەیە زۆر گرنگی بەم دارە دەدەن و ساڵانە بڕێکی زۆر بەرهەم دەهێنن.

هەورامان ناوچەیەکی کوردنشینە و پڕیەتی لە شاخ و داخ و چیا و دۆڵ و نشێو ، چەندەها دەربەند و نواڵە و کەمەر و مای تێدایە ، دەشتایی و تەختایی زۆر کەمە شاخ و چیاکانی هەورامان درێژبوونەوەی زنجیرە شاخەکانی (زاگرۆس)ن بەرزی شاخەکانی لەنێوان (١٢٧٠-٣٣٩٠م)دان، سروشتی خاکەکەی وای کردووە زەوی و زاری گونجاوی کەم بێت بۆ کشتوکاڵ و کشتیاری و بە تایبەت بۆ دانەوێڵە هەر ئەمە وای کردووە خەڵکەکەی بە زەحمەت و رەنجێکی زۆر بتوانن لە و شاخ و داخە، زەویوزار رێک بخەن بۆ کشتوکاڵ و باخ و باخات ، لەبەر ئەمەشە کە باخەکانیان خۆشەویستن لەلایان، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەورامان هەر لە دێر زەمانەوە بەوە ناسراوە کە پڕە لە دارگوێز و هەنار و قەیسی.