پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک دەدات

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ کۆبونەوەی لە رۆژی سێشەممە و لەبارەی چەند پرسێک گفتوگۆ دەکرێت و دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک دەدرێت.

د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “پشتبه‌ستن به‌ حوكمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ین، بۆ دانیشتنی ژماره‌ (6)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی سێیەم له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه‌”.

بەپێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنەکە، کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان واژۆیکردوە، لە تەوەری یەکەمدا دەنگ لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە یاسا دەدرێت به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

یەکەم: پرۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی ژمارە (30) ساڵی 1984 لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق).

دوەم: پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەری دوەم تایبەتە بە خستنەڕو و دەنگدان لەسەر بڕگەی (دوەم)ی ماددەی (4) لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2021 یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (22)ی ساڵی 2011)، كە بە بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2021ی سەرۆكایەتیی هەرێم گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددی (95) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

هەروەها لە تەوەری سێیەمیشدا خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ پێشنیازەیاسای (هەمواری یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دەکرێت.