ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ ژووری بازرگانی سالۆنیک گرێبەستێکیان واژۆ کرد

لەدرێژەی سەردانەکەی شاندی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بۆ شاڕی سالۆنیک لەوڵاتی یۆنان پرۆتۆکۆڵێکی کارکردنی ھاوبەش واژۆ کرا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور سەردانی ژووری بازرگانی سالۆنیکیان کردو پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنی کارکردنی ھاوبەشیان واژۆ کرد.

لەوتەیەکدا ئیمانیۆڵ ڤلاجین، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سالۆنیک خۆشحاڵی خۆی دەڕبری بەسەردانکردنی بازرگانانی سلێمانی کە لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین کۆمپانیایان بینوەو گرێبەستی کاری ھاوبەشیان واژۆ کردوەو بەشداریان لەپێشانگاکە کردوە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سالۆنیک رایگەیاند “ژووری بازرگانی سالۆنیک ماوەی ١٠٠ ساڵە دامەزراوەو کاردەکات، زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ شاری سلێمانی پرۆتۆکۆڵی کارکردنی ھاوبەش واژۆ دەکەین، ھیوادارین ببێتە بناغەی کارکردنی ھاوبەش‌و زیادکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان‌و بەشداری کردن لەپێشەنگاکانی ھەردولاو ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی ھەردولا ئاشنایەتی لەگەڵ یەکتر دروست بکەن”.

پاشان سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “زۆر حۆشحاڵین بەواژۆکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە، ھیوادارین بببتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکان لە نێوان سلێمانی و سالۆنیکدا، ھیوادارین ژووری بازرگانی سالۆنیک کار لەسەر ئەو داوایەمان بکات لەبارەی کردنەوەی ھێڵێکی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و سالۆنیکدا بەمەبەستی کارگۆو گەشتیاریی تاکو کۆمپانیاکانی ھەردوولا زیاتر ئاشنا بن بە یەکتر”.

ئاماژەی بەوەش دا دەمانەوێت سلێمانی بکەین بەسەنتەری بازرگانی سەرتاسەری عێراق کە لەئێستادا لەسەدا ٣٢ی پیشەسازی ھەموو عێراقی تێدایەو خاوەنی گەورەترین پرۆژەی گەنجینەیە له‌سه‌ر ڕوبه‌ری ٣٨٢ دۆنم زه‌وی دروستكراوه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ ٦٠٠ گه‌نجینه‌ به‌ڕوبه‌ری جیاواز، ئه‌و كاڵایانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ناوخۆدا له‌م گه‌نجینانه‌ هه‌ڵده‌گرێت‌و به‌گوێره‌ی پێداویستی رۆژانه‌ ده‌نێدرێت بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشووری عێراق و شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، به‌های پرۆژه‌كه‌ ١٠٠ ملیۆن دۆلاره‌و له‌ئێستادا له‌سه‌دا ٩٥ی پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، هەروەھا سلێمانی زۆر گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵ‌و پەلەوەر دەدات بەشی زۆری بازاڕەکانی عێراق پڕ دەکاتەوەو ساڵانە بە بەھای ٣   ملیار دۆلار ھەناردە بۆ دەرەوەی سلێمانی دەکات”.