بڕیاری نوێ بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەركرا

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم رایدەگەیەنێت، بۆ لەمەوبەدوا عێراق و هەرێمی كوردستان میكانیزمێكی هاوبەش بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەگرنەبەر دەشڵێت، ” لەمەوبەدوا بەیەك مەرج و رێنمایی و رسوومات ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاوردەدەكرێت”.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، عەمید زیاد قەیسی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵەكانی عێراقی راگەیاندووە، بە رێنمایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری یەكخستنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ عێراق و ھەرێم كوردستان دراوە، چونكە هەردوولا دەیانەوێت لەسەرتاسەری عێراقدا بە یەك شێواز ئۆتۆمبێل هاوردەبكرێن.

ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم راگەیاند، بڕیاردراوە كە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە نێوان هەرێم و عێراقدا یەكبخرێت بە جۆرێك كە بە یەك مۆدێل و مەرج ئۆتۆمبێل هاوردەبكرێن و هەمان رسوومات لەسەرتاسەری عێراقدا بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و جۆرەكانی وەربگیرین.

راشیگەیاند، چەند كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراوە و دواتر راسپاردە و پێشنیازەكان دەخرێنە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندار كە كاری جدیی لەسەر بكات و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.