نەوتی هەرێمی کوردستان کێشەی گەرمی نێوان تورکیا و عێراقە

تورکیا کێشەی لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوە تورکییەکان، ئەنقەرە دەیەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو قەرەبووە بداتە حکومەتی عێراق کە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری لەبارەوە داوە. کێشەیەکی دیکەش سکاڵای عێراقە دژی تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2018- 2022.

بڕیاری مانگی ئاداری دادگەکە، کە بووە هۆکاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ دەرەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی تورکیا 1.5 ملیار دۆلار بداتە عێراق، ئەوەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانەی لەو وڵاتەی داوە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بێ رەزامەندیی بەغدا لە ساڵانی 2014-2018.

یەکێک لەو بابەتانەی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، 23 و 24ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بە‌غدا و هەولێر باسی لێوەکرا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بوو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

لەوبارەوە رۆژی هەینی، 25-8-2023، چەند بەرپرسێکی تورکیا بە ماڵپەڕی بلوومبێرگی ئەمریکییان گوت، تورکیا هەوڵدەدات یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە رێکبکەون.

ئەو بەرپرسانەی تورکیا کە ناوی خۆیان نەداوە، دەڵێن، ئەنقەرە پلانی نییە ئەو 1.5 ملیار دۆلارە بداتە بەغدا کە دادگەکە بڕیاری لەبارەوە داوە و لەجیاتی ئەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات پارەکە بدات و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو لایەنەی لە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە سوودمەندی یەکەمە هەرێمی کوردستان خۆیەتی.

هەر بە وتەی ئەو بەرپرسانەی ئەنقەرە، لە چەند هەفتەی رابردوودا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاریی جیاوازیان لەبارەی داهاتی نەوت لە یەکدی هەبووە، بەڵام ئێستا کەشەکە گونجاوترە و خەریکە هەردوولا لەو بوارەدا دەگەنە سازش.

راسپاردنی سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ماوەیەکە لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش دا بە وردی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

رۆژی 19-8-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی وت، ئەو بڕە پارەیەی دادگەی پاریس دیاریکردووە بۆ ئەوەی تورکیا وەکو قەرەبوو بیداتە عێراق، کێشەیەکی لەنێو کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروستکرد و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، “ئەگەر بمانەوێت بە لۆژیکی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکەین، دەبێت نەرمی بنوێنین”.

شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، “سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد کە لە 25-03-2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا وەستاوە. ئەو بڕە پارەیەی ئێمە داوامان دەکرد تورکیا وەکو قەرەبوو بمانداتەوە، ئێستا دوو ئەوەندەی ئەو پارەیە زیانمان کردووە لە وەستانی نەوتەکە؛ بۆیە دەبێ نەرمییەک لەسەر ئەو بابەتە بنوێنین و بە شێوازێک لەگەڵ تورکیا رێکبکەوین”.

بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، “لە کۆبوونەوەکەدا دەسەڵات بە سەرۆکوەزیرانی عێراق درا رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە”.

زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان

رۆژی هەینی، 25ـی ئابی 2023، پێنج مانگ بەسەر بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک تێدەپەڕێت بە کاریگەریی بڕیارەکەی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس. بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، قەبارەی زیانەکە دەگاتە چوار ملیار و 758 ملیۆن و 160 هەزار دۆلار.

راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکە زیانی بۆ تورکیاش هەبووە، بەڵام زۆر کەمترە بەراورد بەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق. بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا لەوبارەوە قسەی بۆ بلوومبێرگ کردووە و دەڵێت، ئەو زیانە گەورەیە وایکردووە، ئەنقەرە پێیوابێت هەولێر و بەغدا ناچارن چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.

کێشەی تازە و کارتی گوشار بۆ سەر تورکیا

عێراق سکاڵاکەی لە تورکیا بردەوە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 2014- 2018، سکاڵای دیکەی عێراق لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2018 – 2022 کێشەیەکی دیکەی نێوان عێراق و تورکیایە.

بەپێی ئەو زانیارییه‌كان، تورکیا بێزاریی خۆی گەیاندووەتە عێراق سەبارەت بەو داوایە و تورکیا بە عێراقی راگەیاندووە، “ئێوە لە کاتێکدا داوا دەکەن رێگە بدەین بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا سوورن لەسەر جووڵاندنی سکاڵایەکی دیکە لەسەر هەناردەکردن”ی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 2018 – 2022 .

عێراق دەیەوێت قەرەبووی سکاڵای یەکەم و گوشارەکانی سکاڵای دووەم وەکو کارتێک لە بەرامبەر تورکیا بەکاربێنێت بۆ وەرگرتنی بەشە ئاوی زیاتر لە تورکیا و کەمکردنەوەی داواکانی تورکیا لە عێراق.

گرێبەستی بۆریی نەوتی کەرکووک- جەیهان لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆکرا و لە ساڵی 2010دا دوایین هەمواری تێدا کرا.

بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت عێراق بەردەوام بڕە نەوتێکی دیاریکراو بە بۆریی نەوتی کەرکووک – جەیهان دا بنێرێت، ئەگەر عێراق ئەوە نەکات دەبێ قەرەبوو بداتە تورکیا.

لەو هەموارەدا کە ساڵی 2010 لە گرێبەستەکەدا کرا و تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو کاتی تورکیا و حوسێن شەهرستانی، وەزیری نەوتی ئەو کاتی عێراق واژۆیان لەسەر کرد، وەزارەتی نەوتی عێراق بە تەنیا نوێنەری دەوڵەتی عێراق ناسێنراوە و ناوی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانیی عێراق ناسراو بە سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق وەکو دامەزراوە فەرمییەکانی وەزارەتەکە هاتوون بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان.

رۆژی 23-5-2014 بە تۆمەتی ئەوەی تورکیا پێشێلی ئەم گرێبەستەی کردووە، لایەنی عێراقی پەنای بردە بەر تۆمارکردنی سکاڵا دژی تورکیا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.