باڵوێزی ژاپۆن سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاشنابوون لە ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی لەشاری سلێمانی باڵوێزی ژاپۆن سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفوور، جێگری سەرۆکی ژوور ، ئازاد شمقار ، ئەندامی ئەنجومەنی کاڕگێڕی ژوور و دکتۆر سەلام عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی ژوور، پێشوازیان کرد لە فۆتوشی ماتسۆمۆتۆ باڵوێزی ژاپۆن لەعێراق و د.بڕێیار ڕەشید ،ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ باڵوێزی ژاپۆن ڕایگەیاند” خۆشحاڵین بەسەردانکردنی باڵوێزی ژاپۆن بۆ شاری سلێمانی بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازیەکان و کارئاسانیکردن بۆ بازرگانان تابتوانین کاری هاوبەش ئەنجام بدەین”.

راشیگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خاوەنی گەورەترین بینای پێشانگای نێودەوڵەتیە کە ساڵانە چەند پێشانگایەکی تایبەت و جیاوازی تیادا دەکرێتەوە وە خاوەنی گەورەترین پرۆژەی گەنجینەیە بۆ هەڵگرتنی خۆراک و کاری بازرگانی کە بۆتە ناوەندێکی بازرگانی بۆ ەواوی عێراق چونکە بازرگانانی شاری سلێمانی خاوەنی زۆرترین وەکالاتی جیهانین و دابەشی دەکەنەوە بەسەر تەواوی عێراقدا”.

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە چالاکترین ژوور ھەڵبژێردرا لە سەر ئاستی عێراق کە بووە خاوەنی مەدالیای ئاڵتونی ئەمەش بۆیەکمین جارە ژوورێکی بازرگانی ببێتە باشترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق”.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە باس لە کێشەی بانکی کرا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بۆ بازگانان بەنرخی بانکی ناوەندی عێراق کە گرفتی بۆ بازرگانان دروستکردووە.