رێژەی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتە 55.5%

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردەوە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی دووەمی بەهاری ئەمساڵ لە ئێران بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 55.5% زیادی کردووە.

بە وتەی ئەو ناوەندە هەندێک جۆری خۆراک بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر گران بوون و رێژەی هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە سەرووی 78%.

دۆخی نالەباری ئابووری ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک مانگ لە دوای مانگ گرانتر لە مانگی پێشتر پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

هەندێک جار ئاماری ناوەندی ئامار لەگەڵ ئاماری بانکی ناوەندی و دامەزراوەکانی تر جیاوازی هەیە. دوو مانگ لەمەوبەر بانکەکە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵێک پێشتر رێژەی هەلاوسانی بە 60% دەستنیشان کردبوو و چاوەڕوان دەکرێ لە راپۆرتی نوێی بانکەکەشدا رێژەکە لە هی ئاماری ناوەندی ئامار بەرزتر بێت.

یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریی رەهادا دەژین و هەر بە پێی ئامارەکانی دامەزراوە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین دەگاتە دوو لەسەر سێی دانیشتووان کە نزیکە لە 60 ملیۆن کەس.

بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی بودجە کە لە پەرلەمانی ئێران تاوتوێ دەکرێ و هێشتا پەسند نەکراوە دۆخی ژیانی خەڵک لەمساڵدا زۆر خراپتر دەبێ و بودجەکە توانای ئەوەی نییە لە ئاستی هەژاری و نەهامەتییەکان کەم بکاتەوە.