بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی گۆڕینی نرخی دۆلارەوە روونکردنەوەیدا

راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، گۆڕینی بەهای دۆلار لە ئێستادا کارێکی دروست نییە، چونکە زیان بە ئابووری و مامەڵەی دارایی وەبەرهێنەرکان دەگەیەنێت

ئیحسان شەمران راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، بانکی ناوەندی عێراق لایەنێکی سەربەخۆییە و گۆڕینی بەهای دۆلار لە رێگەی حکومەتەوە ئەنجامدەدرێت و هەتا ئێستاش هیچ هەوڵێک لەوبارەیەوە بوونی نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، فشاری زۆر لەلایەن خەڵکەوە لەسەر حکومەت دەکرێت لە پێناو گۆڕینی بەهای دۆلار، ئەگەر بەهای دۆلاریش بگۆردرێت ئەوا زیان بە ئابووری و یەکڕیزی عێراق دەگات، چونکە مامەڵەی دارایی و ئابووری پڕۆژەی وەبەرهێنەرەکانی عێراق لەسەر بەهای دۆلاری ئێستا بەرێکراوە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی نرخی ئەو بەهایە کارێکی راست نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی بەهای دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠دا کێبڕکێی کاڵا و کەلوپەلی ناوخۆیی بەرزکردەوە سەرەڕای ئەوەی زیانی لەسەر بەکاربەر و هاوڵاتیانی عێراق هەبوو، بەڵام لە رێگەی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلارەوە حکومەتی عێراقی توانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی رێک و پێک دابەشبکات لە کاتێکدا بودجەی عێراق بەتاڵ بوو.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، مستەفا مخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی هیچ نیەتێکی کەمکردنەوە و گۆڕینی بەهای دۆلاری نییە و عێراق هێشتا لە ئاستە سەرەتاییەکانی دەستکەوتی ئەرێننیە لە گۆڕینی بەهای دۆلار و هەندێک پێوەری نەرێنی هەیە لە رێگەی هێشتنەوەی بەهای دۆلار لەو بەهایەی ئێستا هەیەتی لە داهاتوودا چارەسەردەکرێن.