سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان: %91ی ژنانی عێراق بێکارن

نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنەکان کردوویانە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی عێراق توانای کارکردنیان هەیە، بەڵام ڕێژەی ئەو ژنانەی کارناکەی دەگاتە 91%.

ڕیتا کۆڵۆمبیا نوێنەری سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، “زیاتر لە 59%ی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە، ئەمەش بەو مانایەی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی لەو تەمەندان کە توانای کارکردنیان هەیە.

ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ئێستادا 41 ملیۆن کەسن، پێشبینی دەکەین ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030دا بگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن کەس ئەگەر ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی ئێستا کە زیاتر لە 2.5% بەردەوام بێت.

نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، “بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیی دووەمی ژنانی عێراق کە بە هاوکاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2021 ئەنجاممان داوە و لە ڕێگەیەوە نمونەی ماڵەکانمان لە سەرجەم شارەکانی عێراق وەرگرتووە، 90.8%ی ژنانی عێراق لە دەرەوەی بازاڕی کارن”.

ئاماژەی بەوەکردووە، تەنها 9.2%ی ژنانی عێراق كاردەكەن و ڕێژەكە لە هەرێمی كوردستان بەرزدەبێتەوە و دەگاتە 14%، كاتێك ژنانی بێکارمان دواند، 21%یان ئامادەیی خۆیان بۆ كاركردن دەربڕی، 7%یان مەرجیان هەبوو بۆئەوەی لەگەڵ بارودۆخی خێزانەكەیان بگونجێت.

ڕیتا کۆڵۆمبیا دەڵێت، “تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 20 ملیۆن دۆلارمان خەرج کرد بۆ بەرنامەی پشتگیریکردنی گەنجانی عێراق کە ناوەڕۆکی بەرنامە و کارەکانمان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانیان بوو، ژمارەیەکی زۆریان توانیان بە پرۆژەی تایبەت بە خۆیان بچنە ناو بازاڕی کارەوە”.