بانكێك قەرز بە هاوڵاتییان دەدات

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بانكێك قەرزێكی 15تا 100 ملیۆن دیناری بەبێ سوود دەداتە جوتیاران و ئەو كەسانەی بیرۆكەی دروستكردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی و ئاودێرییان هەیە و دەشڵێت، “نووسراومان بۆ ژمارەیەك هاوڵاتی كردووە كە رێكارەكانی وەرگرتنی قەرزەكە جێبەجێبكەن”.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی  راگەیاند، بانكێك لە رێگای وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمەوە قەرز بە جوتیاران و ئەو كەسانە دەدات كە بیرۆكەی دروستكردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی، خانووی پلاستیكی و كێڵگەی پەلەوەرییان لە هەرێمی كوردستان هەیە كە هاوڵاتییان سەردانمان دەكەن و بیرۆكەی پڕۆژەكە ڕووندەكەنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “نووسراویان بۆ دەكەین و بەرزدەكرێتەوە بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و لەو رێگایەوە پشتیوانی دەكرێن كە بانكەكە پێی پێویستیی پڕۆژەكەیان لە 15 ملیۆن تا 100 ملیۆن دیناریان بۆ خەرجدەكات و دواتر بە بێ سوود قەرزەكە وەردەگیرێتەوە”.

ئاشكراشیكرد، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتییان سەردانیان كردووین و نووسراومان بۆ كردوون، جگەلەوەش لە پارێزگاكانی دیكە داواكاریی بۆ وەرگرتنی قەرزەكە و سوودمەندبوونیان زیاتربووە.