گومرگی هەرێمی کوردستان: ناجێگریی بەهای دینار هاوردەکردنی لە ئێرانەوە کەمکردووەتەوە

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی بازرگانیی پارێزگای سنە، لە مانگی 3 بۆ 11ی ساڵی 2022، هەناردەکردن لەو پارێزگایەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەراورد بەهەمان کاتی ساڵی پێشتر 22% کەمیکردووە. بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هۆکارەکان ناجێگریی بەهای دینار و دۆلار و گەمارۆکانی سەر ئێرانن.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی بازرگانیی پارێزگای سنە، کە رۆژی شەممە 7-1-2023 بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی 3ـی ساڵی 2022 بۆ مانگی 11ـی هەمان ساڵ، بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی پێشتری، هەناردەکردن لەو پارێزگایەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە رووی کێش و بڕەوە 22% کەمبووەتەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وت: “راستە هاوردەکردن لەو پارێزگایەوە کەمیکردووە، چەند هۆکارێک هەن، کە دیارترینیان ناجێگریی بەهای دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکییە.”

بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی هاوردەکردن لە دەروازەی باشماخەوە گەمارۆکانی سەر ئێرانە و ئەو بارانەی پێشتر رەوانەی بەندەر عەباسی ئێران کراون بەهۆی گەمارۆکانەوە ئێستا رەوانەی ئوم قەسری بەسرە دەکرێن. گوتیشی: “هۆکارێکی دیکەش دەروازەکانی عێراقە و بەشێکی بازرگانان بەهۆکاری جیاوازیی رەسمی گومرگی و رێکارەکانی کوالێتی و کارگێڕیی روودەکەنە دەروازەکانی عێراق.”

تەها سەمیعی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی بازرگانیی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، “لە هەشت مانگی ساڵی 2022دا یەک ملیۆن و 113 هەزار و 600 تۆن کاڵا و کەلوپەل لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخی مەریوان و سەیرانبەنی بانەوە هەناردە کراون، کە بەهاکەی 613 ملیۆن دۆلار بووە.”

کەلوپەلی بیناسازی، بەردی ئاسن، میوە و سەوزە، بەرهەمی ئاسنیی، پلاستیکی و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دیارترین بەرهەمە هەناردەکاراوەکانی پارێزگای سنەن بۆ هەرێمی کوردستان.

هەفتەی رابردوو، خەلیل حەیدەری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە، هۆکاری دابەزینی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاندبووەوە بۆ گۆڕانی رێڕەوی گواستنەوە و رایگەیاندبوو، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە باج لەسەر کاڵا و کەلوپەل “کەم بووەتەوە” و بەهۆیەوە هەناردەکارانی لەو سنوورانەوە کاڵا و کەلوپەلەکانیان هەناردە دەکەن.