پێداویستی بۆنەکان ساڵانە پارەیەکی زۆی ناوخۆ دەباتە دەرەوە

ئا: زریان محەمەد

‎ساڵانە بە بەهای زیاتر لە ٦٠٠ هەزار دۆلار پێداویستی جوانکاری پێشوازیی لەساڵی نوێ‌و بۆنەکانی تر هاوردەی سلێمانی دەکرێت، کە لەسەدا ۹٥ی ئەو جوانکاریانە لەوڵاتی چینەوە دێت.

‎بازرگانێک لەشاری سلێمانی رایدەگەیەنێت ساڵانە لەهەمو بۆنەکاندا پێداویستی جوانکاریی‌و ئەو بەرهەمانەی لەسەری ساڵ‌و بۆنەکانی تردا خەڵک بەکاریدەهێنێت، هاوردەی دەکەین بۆ شاری سلێمانی‌و لەوێشەوە دابەش دەکرێت بۆ شارکانی دیکەی کوردستان‌و عێراق.

‎ئەریوان فەرەیدون عەلی، بازرگانی هاوردەکردنی پێداویستیەکانی جوانکاری بۆنەکان لەشاری سلێمانی لەبارەی گرنگترین ئەو پێداویستیانەی هاوردەی دەکەن بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “من لەبواری هاوردەکرنی جوانکاریی‌و دیاری‌و پێداویستی هەموو بۆنەکان ڕۆژی لەدایکبون‌و سەری ساڵ‌و ڕۆژی خۆشەویستی‌و هاڵەوین‌و دیاری شەکراو خواردنەوەو دەرچونی قوتابیان‌و بابەتی پێداویستی مانگی ڕەمەزان‌و حەج‌و عەمرە هەموی هاوردە دەکەن‌و لەبازاڕدا نمایشی دەکەن‌و بەشێکی زۆری دوکاندارەکانی شاری سلێمانی لای ئەوان ئەو کاڵایانە دەبەن‌و دەشینێرین بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان‌و شارەکانی خواروی عێراق.

‎دەرباری ئەوەی زۆرترین ئەوکاڵایانە لەچ بوارێکدا بەکاردێت بۆ یادی لەدایکبون یان سەری ساڵ، ئەریوان وتی “هەموو بابەتەکان وەک یەک خواست‌و داواکاریان لەسەرە لەکاتی نزیکبونەوە لەبۆنەکان، بەڵام بەهۆی پەیوەست بوونمان بەلایەنی دینیەوە هەموو بازرگانێک کار لەسەر هەندێک جوانکاریی بۆنەکان ناکات وەک سەری ساڵ‌و هاڵەوین، بەڵام ئێمە ئەو بابەتانە هاوردە دەکەین چونکە خواستیان لەسەرەو داوکاری هاوڵاتیانە هەربۆیە بازاڕ پێویستی بەو جوانکاریانە هەیە بۆیە هاوردەی دەکەین ساڵانە لەکاتی خۆیدا بەردەست دەبێت”.

‎لەبارەی ئەوەی لەکام وڵاتەوە زۆرترینی ئەو جۆرە کاڵایانە هاوردە دەکرێت، ئەو وتی “بەکۆی گشتی لەسەدا ۹٥ی زۆرترین ئەو بابەتانە لەوڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێت‌و لەسەدا ٥ی لەئێرانەوە دێت، ئەوەش بەهۆی نزیکی لێمانەوە، نرخیشی گونجاوە بۆ من، من توانیومە بەردەوام بم لەهاوردەکردن بەتایبەتی لەکاتی کەرەنتینەشدا پەیوەندیم لەگەڵ وڵاتی چین هەبووە، خۆم سەردانم کردووە هەمو پێداویستیەکمان هاوردە کردووە”.

‎دەربارەی ئەوەی ساڵانە بەبڕی چەند شتومەک هاوردە دەکرێت بۆ شاری سلێمانی، ئەریوان وتی “من وەک خۆم ساڵانە بەبڕی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار دۆلارهاوردەی پێداویستیەکانی جوانکاریی دەکەم هی هەموو بۆنەکان، ئەوەش بەپێی ساڵەکان جیاوازەو بەرزبونەوەی نرخی دۆلاربازاڕی خاو کردبوەوە لەم ساڵانەی دوایدا، بەڵام لەئێستادا پێداویستیەکان هاوردەکردنیان بەردەوامە”.

‎دەربارەی ئەوەی بۆچی لەناوخۆدا ناتوادرێت ئەو شتومەکانە بەرهەم بهێندرێت بۆ جوانکاری‌و پێداویستیەکان، ئەو بازرگانە وتی “زۆربەی ئەو شتانەی هاوردەی دەکەین ناتواندرێت لەناوخۆدا بەرهەم بهێندرێت، چونکە لەئێستادا زۆرمان ماوە بگەین بەو کارە، هۆکاری یەکەمیش دەستی کارە لەوڵاتی ئێمە، ئەوە گرانەو مادە سەرەتاییەکانیش لەوڵاتی ئێمە گرانەو باوەڕم وایە لەڕوی نرخیش گران دەکەوێت‌و ناتوانین کێبڕکێی کاڵاو بەرهەمی هاوردەکراو بکەین، بەڵام لەکوردستاندا ئێستا بواری دیزاینەران ئەوانەی جوانکارییەکان ڕێکدەخەن زۆر چوەتە پێشەوە، ئێمە هاندەدەن کە چ شتێک هاوردە بکەین، شتەکان چۆن ڕێک بخرێت، ئەمە پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە دیوە”.

‎لەبارەی دانانی کارگە لەناوخۆدا تا چەند دەتوانێت خواستی بازاڕ پڕبکاتەوەو کێبڕکێی بەرهەمی دەرەکی بکات، ئەردەوان وتی “دانانی کارگە لەناوخۆدا پێموایە لەسەدا یەک بتوانێت کێبڕکێ بکات، ئەوەی خوێندنەوەمان بۆ کردووە وڵاتانی دراوسێ زۆر کات خۆشحاڵ نین بەدانانی کارگە لەهەرێمی کوردستان، جگە لەوەش پشتیوانی حکومەت بۆ دانانی کارگە وەک پێویست نییە، زۆربەی پێداویستیەکانی کارگە گرانە، نرخی کارەباو باج‌و دەستی کار ئەمانە هەموی کاریگەری هەیە بۆ کارکردن”.

‎هاوڵاتیان لەبۆنەو یادەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو پێداویستیەکانی جوانکاری بەکاردەهێنن، بەشێوەیەکی بەرچاو لەشارەکاندا دوکانی تایبەت بەو بوارە کراونەتەوەو دەفرۆشرێت. ‎بەشێکی دیکەی دابینکردنی ئەو پێداویستیانە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەکرێت، زۆرێک لەو کەسانەی لەوڵاتانی ئەوروپا دەژین لەوێ دەیکڕن‌و دەینێرنەوە بۆ کوردستان‌و پاشان لەدوکانەکانی تایبەت بەو بوارانە ساغ دەکرێنەوە.

‎چنور مەهدی، یەکێکە لەو خانمانەی کاری ناردنەوەی پێداویستیەکانی جوانکاریی‌و ڕازاندنەوەی بۆنەکان دەکات، بەڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” وت “لەسەر خواستی ئەو کەسانەی داوای کەلوپەل دەکەن لێرە بۆیان دەکڕم‌و لەڕێگەی کۆمپانیاکنی گواستنەوەوە دەینێرمەوە”.

وتیشی “ئەو شتانەی ئێمە دەینێرین لەکاتی داشکاندن‌و هەرزانکردنی نرخدا دەیکڕین‌و لەکوردستان نیە گەر هەشبێت نرخەکانیان زۆر گرانترە لەچاو ئەوەی ئێمە بەهەرزان دەیکڕین، هەربۆیە توانیومە پەیوەندیەکی باشم لەگەڵ کڕیارەکانم لەشاری سلێمانی هەبێت‌و کاریان لەگەڵ دەکەم بەخواستی خۆیان داوای پێداویستی دەکەن‌و بۆیان دەنێرمەوە”.