سەرۆكی حكومەت: شاری هەڵمەت و قوربانی شایستەی باشترین خزمەتە

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی یادی 238 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی لە خەڵكەكەی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە، شاری هەڵمەت و قوربانی شایستەی باشترین خزمەتە.

مەسرور بارزانی لە وتارێكیدا لە مەراسیمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی نوێگەری كوردستان وتی، ئەمڕۆ یادی 238 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلیمانی خۆشەویستە و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵكی سلێمانی و هەموو كوردستانیان دەكات.

وتویشی، شاری سلێمانی لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا پێگەیەكی بەرچاو و بەرجەستەی هەیە، شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیریمان شایستەی باشترین خزمەتە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هیواخوازە بە هاوكاری دڵسۆزان نیگەرانییەكانی خەڵكی سلێمانی بڕەوێننەوە و دوور لە دەستوەردانی حزبی و تاكڕەوی یاسا سەرەوەر بێت و هەموو بەربەستەكان بەلاوە بنێن، تاوەكو بتوانن لە رووی ئیداریی و ئاوەدانی گرنگیەكی زیاتر بە سلێمانی بدەن كە لە ئاست پێگەی رەسەنی بێت.