باسوق بەرهەمێکی دانەبڕاوی شەوچەرەی گوندەکان

باسوق بەرهەمێکی کوردەواری دانەبڕاوی گوندنشینەکانە و زۆر جار لە شەوچەرەکاندا، گوندنشینان وەک چەرەس بەکاری دەهێنن، بەدەم قسەوباس و خواستی دوای نانی ئێوارەوە، سفرەی شەوچەرەی پێ دەڕازێنرێتەوە، لەئێستادا بەهۆی زیاد بوونی خواست لەلایەن خەڵکی شارەکانەوە، بازاڕی ئەو بەرهەمە زیادی کردووە و زۆرێک لە گوندنشینەکان جۆرێک لە بەرهەمی ترێ کە بۆیان سا‌غ نابێتەوە لە بازاڕ بەهۆی کەمی نرخەکەیەوە و بۆ ئەوەی رەنجی بەرهەمی ترێکەیان بەخۆڕایی نەچێت دێن باسوقی لێ دروست دەکەن کە جۆرە خواردەمەنییەکە لە نیشاستە و شیلەی ترێ دروست دەکرێت و سەلک سەلک دەبڕدرێت.

سەرگەڵو گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی سورداش سەربە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی و یەکێکە لەو گوندانەی کە زستانێکی سەخت بەڕێ دەکات و خاوەنی بەرهەمێکی زۆری ترێیە، ئەو بەرهەمی ترێیە هەندێکیان هەر لە هاویندا لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێنەوە، بەشێکی تریان دەکرێنە، مێوژ، شەربەت، باسوق و سجوق.

لەئێستادا بەهۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لە شارەکاندا بۆ باسوق، هاووڵاتییانی ئەم گوندە زیاتر سەرقاڵی دروستکردنی باسوق دەبن.

لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی باسوقەوە، حاجی سەعدون سەرگەڵەیی ٦٧ ساڵ بەو شێوەیە باسی لە قۆناغەکانی دروستکردنی باسوق دەکات و دەڵێت “ئێمە بەیانیان دەچین ترێکە لێ دەکەینەوە دەیهێنینەوە ماڵەوە و ترێکە بۆڵ بۆڵ دەکەین و دواتر ئاوەکەی دەگوشین و دەیکەینە سەتڵێکەوە، گڵێکی تێ دەکەین، بۆ ئەوەی زفتیەکەی نامێنێت و ئاوی ترێکە خاوێن دەبێتەوە”.

لەدوای کوڵاندنی بۆ جاری یەکەم، ئاوی ترێکە هەندێک خۆڵی تێدەکرێتەوە و پاشان بۆ قۆناغی دووەم ئامادە دەکرێت وەک ‌حاجی سەعدون باسی لێوە دەکات “دواتر دەیکەینە مەنجەڵێکی گەورەوە و دەیکوڵێنین، تاوەکو تێرکوڵ دەبێت، پاشان ساردی دەکەینەوە بۆ ئەوەی خۆڵەکەی بنیشێت و دواتر بە دەفرێک خۆڵەکەی هەڵدەهێنجین، پاش قاڵبوونەوە، خۆڵ و ئاوە ترێکە جیا دەکرێتەوە و جارێکی تر دەنێینەوە سەر ئاگر، پاشان کەمێکی لێ هەڵدەهێنجین بۆ هەوێن، واتە کەمێک لە ئاوە ترێ بەکوڵەکە، لەگەڵ ئارد تێکەڵ دەکەین، جیای دەکەینەوە بۆ هەوێن، دوای ئەوەی کە قوڵپی دا جارێکی تر هەوێنەکەی تێ دەکەینەوە، ئێستا ئاوە ترێ لە کوڵەکە ئامادەیە بۆ داگرتن و دروستکردنی باسوق”.

ئەو گوندنشینە بەتەمەنە ئاماژە بەوە دەکات کە دوا قۆناغی دروستکردنی باسوق راخستنێیی لەسەر سینی و وتی: “دواتر هەموو ئەوەی لە مەنجەڵەکەدایە دەیخەینە سینیەوە، بۆ ئەوەی لەبەر هەتاودا هەڵیبخەین، پاشان مەیلەو وشک دەبێتەوە و ئینجا لەسەر پەڕۆیەک بە چەقۆ دەیان بڕینەوە، پێی دەڵێین سجوق، بەڵام دروستکردنی باسوق جیاوازی هەیە، دوای ئەوەی کە کاکڵە گوێز دەهێنین پاک بژاریان دەکەین، دواتر ئاوە کوڵیوەکەی ترێکە دەهێنین، واتە هەر ئەوەی بۆ سجوق لە مەنجەڵدا کوڵێنراوە، دەهێنرێت، پاشان کاکڵەی گوێزەکە دەکەین بە پەتەوە، دواتر لە سینیەکەی هەڵدەکێشین دوو بۆ سێجار، تاوەکو گوێزەکان بەپەتەکەوە ئاوە ترێکە وەردەگرێت و پاشان بە دارەوە هەڵیدەخەین لەبەر هەتاو”.

‌حاجی سەعدون باس لەوە دەکات کە بەشێک لەو بەرهەمانەی لە لادێکەدا دروست دەکرێت بۆ خۆیانی هەڵدەگرن و لە شەوچەرەی زستاندا بەکاری دەهێنن و دەڵێت “هەموو ئەمانە بۆ شەوچەرە بەکاردەهێنرێت، مێوژ، باسوق، سجوق، چەرەس، چوالەی خۆشکراو کە لە چوالەی تاڵ دروست دەکرێت و ئێمە دەیهێنین خۆشی دەکەین، خەڵکی گوند کۆدەبنەوە، دراوسێ، خزم و خەڵکی گوند، شەوان دوای نانی ئێوارە لە ماڵێک کۆدەبنەوە، پاش هێنانی چایی، دەست دەکرێت بە رازانەوەی سەر سفرەی شەوچەرە، بەدەم قسەکردنەوە، ئەو بەرهەمانەی لە دەمەوپاییزدا دروستکراون و هەڵگیراون بۆ زستان، دەهێنرێتە سەر سفرەی شەو چەرە. لەدوای نوێژی خەوتنان لە گوندەکاندا، هەرکەسێک ‌‌مەیلی بۆ لای یەک بجوڵێت، دەچین سەردانی یەکتر دەکەین، وەک دەزانن لە لادێدا شتێکی بەردەستە، سجوق، باسوق و چوالەی خۆشکراو و چەرەس”.

خەدیجە فاتم ٤٧ ساڵ بەدەم بڕینەوەی باسوقەوە باس لە کۆتا دۆخی باسوق و جۆرەکانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر خواستی کڕیارەکان ئەوان باسوقەکان دروست دەکەن.

باسوق چەند جۆرێکی هەیە، بەشێکیان بە گوێز هەشیانە بە بادەم دروست دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان دەکرێن بەپەتەوە، لەگەڵ جۆرە سادەکەی، لەوبارەیەوە دایە خەدیجە باس لەوە دەکات لەسەرخواستی کڕیارەکان و ئەو کەسانەی کە داوای باسوقەکەیان کردووە بۆیان دروست دەکەن و دەڵێت “باسوق چەند جۆرێکی هەیە، بەشێکیان بە گوێز هەشیانە بە بادەم دروستی دەکەین لەسەر خواستی کڕیارەکان و ئەوانەی داوای دەکەن، باسوق هەیە بە پەتەوە دەکرێت، چونکە خەڵکەکە بەو شێوەیە ‌حەزی لێدەکات، هەشە بە بێ پەت دەیهەوێت”.