بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی: بازار ناجێگیرەو نرخەکان نامەعقولن

ئەمڕۆ هەینی، لەسایەی داواكەی موقتەدا سەدرو كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوی سبەینێی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، نرخی دۆلار لە شارەكانی عێراق دابەزی. بەڵام بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات دۆلارەكانیان هەرزانفرۆش نەكەن.

بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، ئەمڕۆ لە پەیامێكدا بۆ هاوڵاتیان رایگەیاند”حاڵی حازر واباشترە دۆلارەکانتان هەرزان فرۆش نەکەن، تا بەیانی دوای کۆبونەوەی پەرلەمان بزانین چی رودەدات.”

بەوتەی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی “بازار ناجێگیرەو نرخەکان نامەعقولن.”

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، شەش پێشنیاری لەبارەی نرخی دۆلارەوە خستەڕو كە یەكێكیان بریتی بو لە بانگهێشتكردنی دەستبەجێی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بۆ پەرلەمان.

دوابەدوای ئەوەش سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بانگهێشت كردو بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە سبەی شەممە، بە سەرۆكایەتی حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەوەیەك لە پەرلەمان بە ئامادەبونی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بەڕێوەبچێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی نرخی دۆلار.

لەسایەی ئەو بەرەوپێشچونانەدا، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی هەینییەوە بۆرسە نییە، بەڵام نرخی دۆلار لەزۆربەی شارەكانی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن لە بەسرە 100 دۆلار بۆ 146 هەزار دیناری عێراقی دابەزیوە.