کارگەیەک لەرانیە باشترین جۆری سابونی سروشتی بەرهەم دەهێنێت

ئا: رێژەن سەردار

کارگەیەک لەرانیە کە زەیتی زەیتون بەرهەمدەهێنێت، جۆرێک لەسابونی سروشتی بەرھەم دەھێنێت کە پێکھاتەکەی لەسەدا ٦٥ زەیتی زەیتونە، خاوەنی کارگەکە دەڵێت “لەئێستادا بەچوار بۆنی جیاواز سابون دەخەینە بازاڕەوە”.

سابیر ڕەسوڵ، خاوەنی کارگەی زەیتی زەیتونی ڕانیە بەرۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند لەئێستادا جیا لەزەیتی زەیتون کارگەکەیان، سابونی سروشتی بەرھەم دەھێنێت کە پێکھاتەکەی لەسەدا ٦٥ی زەیتی زەیتونەو سوودێکی تەندروستی زۆرباشی ھەیە، ئەو وتی “ھاوڵاتیان لەم بەرهەمەمان زۆر ڕازین، ئەوەی جارێک بەکاری ھێنابێت دەبێتە بەکارھێنەری ھەمیشەیی، لە ئێستادا سابونەکەمان لەزۆربەی مارکێتەکان بەردەستە، بەشێوەیەکی زۆر جوان بەستەبەندیمان بۆ کردوەو سوودو پێکھاتەکانی سابونەکەمان بە زمانی کوردی ڕونکردۆتەوە، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بەرھەمی کوالێتی بەرز دروست بکەین”.

وتیشی “ئەو کەسانەی سەرپەرشتی بەرھەمێنانی سابونی ڕانیە دەکەن، کوردی ڕۆژئاوای کوردستانن‌و لەشاری عەفرینەوە ھاتوون، کەسانی بەئەزموونن‌و ساڵانێکی زۆر لەم بوارەدا کاریان کردوە، کە ناوچەکەیان بە بەرهەمهێنانی باشترین جۆری سابونی رەقی بەناوبانگەو ئەم جۆرە سابونەش هەر لەزەیتی زەیتون دروست دەکرێ”.

خاوەنی کارگەی زەیتی زەیتونی ڕانیە ئەوەش روندەکاتەوە کە سابونەکەیان زۆر بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی پێستیان چەورەو بەرهەمەکەشیان دژە کرێش‌و قژ ھەڵوەرینەو بۆ سەر شۆردن‌و پاکردنەوەی لەش‌و خۆشۆردنیش بەکاردەهێنرێتو سوودێکی ئێجگار زۆری ھەیە، ئەو وتی “لەئێستادا بەچوار بۆنی جیاواز سابون دەخەینە بازاڕەوە، لەسلێمانی لەفرۆشگای خەجێ خانم دەفرۆشرێت، هاوکات لەئێستاشدا لەباشورو ناوەڕاستی عێراقیش بەردەستەو خواستی زۆری لەسەرە، لەپلانماندایە لەنزیکترین کاتدا وەکالەت بدەینە شارەکانی عێراق، لەبەرئەوەی ڕۆژانە ھاوڵاتیان لەکەرکوک‌و بەغداوە دێن‌و بەکارتۆن‌ سابون دەکڕن لامان، چەند کارتۆنێکیشمان ناردوە بۆ بەریتانیاو لەوێش خواستی لەسەرە، جگە لەسابون لەسەر داواکاری ئەو ھاوڵاتیانەی لەبەریتانیاوە دەگەڕێنەوە کوردستان، تەنەکەی تایبەتمان ھێناوە زەیتی زەیتونی تێدەکەین کە زۆر بەھێزەو لەفڕۆکەدا تێکناچێت‌و ناڕژێت، بەرنامەشمان ھەیە بڕێکی زۆر بنێرین بۆ وڵاتی بەریتانیا لەبەر ئەوەی خواستێکی زۆری لەسەرەو زەیتێکی تەواو سروشتییەو هاوشێوەی نەک لەئاستی ناوچەژەدا، بگرە لەئاستی دنیاشدا دەگمەنەو هیچ جۆرە ساختەکارییەکی تیا ناکرێ وەک بەرهەمی زەیتی زەیتونی زۆرێک لەولاتان”.

وتیشی “لەڕووی نرخیشەوە بەراورد بەکوالێتییەکەی نرخی زۆر گونجاوو ھەرزانە، لەڕووی توانای بەرھەمھێنانیشەوە دەتوانین بەشی ھەموو عێراق سابون بەرھەم بھێنین”.