بڕێکی زۆر دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیەوە خرایە بازاڕەکانەوە

بانکی ناوەندی عێراق ئاستی دۆلاری نەقدی بۆ ئەم هەفتەیە بەرزکردووە و لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕێکی زۆر دۆلار دەخاتە بازاڕەکانەوە بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی دۆلار.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عێراق بڕی 43 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە و بڕیاریش وایە بۆ هەفتەی داهاتوو ئەو بڕە زیاتر بکرێت.

لەبارەی هەفتەی داهاتوەوە بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند: بۆ رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕی 112 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری دەخاتە بازاڕەکانەوە کە 83 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاشە و 28 ملیۆنیش بۆ حەواڵەکردن بەکاردێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوو و پێش سەری ساڵ بەهای دۆلار ئەمەریکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، لەو بارەیەوە بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.

بانکی ناوەندی چەند بانکێکی راسپارد بۆ فرۆشتنی راستەوخۆی دۆلار بە هاوڵاتییان بۆ ئەوەی بڕی نەقدی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاد ببێت و خواست لەسەر دۆلار کەمببێتەوە و نرخەکەی دابەزێت.