ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق: مانگانە بەبڕی 900 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکەین

رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵی دۆلار، کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی هەبوو. ئەندامێکی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق دەڵێت، ”نزیکەی 12 ملیار دۆلار لە ئێران چووەتە دەرەوە.”

سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی دۆخی بازاڕی دراو لە ئێران رایگەیاند، ”رێکارەکانی عێراق و ئەمریکا هێشتا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر جموجووڵی بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێراندا نەبووە.”

حکومەت عێراق و بانکی ناوەندی تاوەکو ئێستا چەندین رێکاریان بۆ رێگری لە چوونی دۆلار بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەتی ئێران گرتووەتەبەر، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دینار.

سەید حەمید حوسێنی پێیوایە، ئەوەی کە دەگوترێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کێشەیەک هەیە و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێران هەبووە، بابەتێکی “قبووڵکراوە” بەڵام “دابەزینی بەهای تمەن بۆ کێشە و نائارامییە ناوخۆییەکانی ئێران، گوشارە ئابوورییەکانی بیانی، گەمارۆکانی ئەمریکا و دەرچوونی سەرمایە لە وڵات” دەگەڕێنێتەوە.

ئەو ئەندامەی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی 12 ملیار دۆلار لە ئێران چووەتە دەرەوە، ”کەوابوو کاریگەریی ئەم هۆکارانەی باس کران، زیاترە لە کێشەی نێوان ئێران و عێراق.”

سەید حەمید حوسێنی زیاتر تیشکی خستە سەر هۆکاری چوونەدەرەوەی دۆلار لە ئێران و دەڵێت، بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان دوای نائارامییەکانی ئەم دواییانە کۆچ دەکەن و لە وڵاتانی دیکە وەکو کەنەدا، بەریتانیا، تورکیا و ئیمارات وەبەرهێنان دەکەن.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەشێکی زۆر لە کاڵاکانی هەناردەی بازاڕەکانی کوردستان و عێراق دەکات، بەگوتەی ئەندامەکەی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق، بەهای هەناردەی مانگانەی ئێران بۆ عێراق مانگانە دەگاتە 900 ملیۆن دۆلار، 50٪ی هەناردەکردنی گاز و کارەبایە و پارەکەی لە بانکی بازرگانیی عێراقدا رادەگیرێت. گوتیشی: “ئێستا نزیکەی 10 ملیار دۆلار پارەی ئێران لە بانکی بازرگانیی عێراقدایە.”

لەبارەی 450 ملیۆن دۆلارەکەی دیکەش، سەید حەمید حوسێنی گوتی، ئاڵوگۆڕی شتومەکی پێدەکرێت “کە رۆژانە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلارە و بازرگانان پارەکانیان بە دراوی وڵاتانی دیکە وەکو یوهانی چین، دینار، دەرهەمی ئیمارات و بەشێکیشی بە نەختینەی دۆلار وەردەگرن.”

بەگوتەی ئەندامەکەی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق، هەناردەی رۆژانەی ئێران بۆ عێراق لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دەکرێت و حکومەت رۆڵی تێدا نییە. “حکومەت تەنیا لەبواری کارەبا و گاز رۆڵی هەیە و ئەم 15 ملیۆن دۆلارە کە بازرگانە ئێرانییەکان بەشێوەی ریاڵ لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق وەریدەگرن، یان هەندێک کە لە چین کاڵاکان هاوردە دەکەن، بە دراوی چین وەریدەگرن.”

حەمید حوسێنی باسی لە رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی دۆلار کرد و گوتی: “ئەمریکا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات دەتوانێت سیستمی بانکیی عێراق کۆنتڕۆڵ بکات ئەگەر بیەوێت هەموو نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق کۆنتڕۆڵ بکات دەبێت دابخرێن، بێگومان ناتوانێت.”

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق باسی لەوە کرد، لە بازاڕەکانی عێراقدا دۆلار بەردەوام بەکاردەهێندرێت، بۆیە لەچاو دینار دەستکەوتنی ئاسانترە، “کەوابوو بەشێکی پارەی کاڵا هاوردەکانی بازرگانانی ئێرانی بەشیوەی دۆلار وەردەگیرێت.”

دەگوترێت کە دۆلاری کاش تا رادەیەکی زۆر لە ئێران کەمبووەتەوە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلارە، سەید حەمید حوسێنی لەوبارەوە دەڵێت: “بەگوتەی بانکی ناوەندیی ئێران، پاشکەوتی دۆلار بەگوێرەی پێویست هەیە و بۆ دابینکردنی دۆلار سەرچاوەی خۆیان هەیە، بانکی ناوەندی ئەگەر کێشەی پاشکەوتی دۆلار یان یۆرۆی هەبووایە، بە پاسپۆرت دۆلار و یۆرۆی نەدەدا بە گەشتیاران و بازرگانان.”

ئەندامی ژووری بازرگانیی عێراق – ئێران پێیوایە، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێران، لە بازاڕی دۆلاردایە نەک پاشکەوتی دۆلاری بانکی ناوەندیی ئێران، “نرخێک کە لە بازاڕی دراوی هێرات یان سلێمانی رادەگەیێندرێت لەبەر ئەوەی حکومەت کۆنتڕۆڵی لەسەر ئەو بازاڕانە نییە، بێگومان بازاڕی دراوی سلێمانی و هەرات کاریگەری لەسەر بەرزی و نزمییەکانی بازاڕی دۆلاری ئێران دەبێت.”

سەید حەمید حوسێنی باس لەوە دەکات، بانکی ناوەندیی عێراق هەر دۆلارێک بە 1320 دیناری عێراقی بۆ بازرگانانی عێراق دابین دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی بانکەکان ئەو پارەیە دابەش ناکەن و سیستمێكی ئەلیکترۆنییە، بازرگانە ئێرانییەکان ناچارن لە بازاڕی ئازاددا ئەم پارەیە بگۆڕنەوە و دۆلار بە نرخێکی گرانتر بکڕن. “ئەوە گرفتێکە و نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بەرز دەکاتەوە.”

وەک ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق دەڵێت، ساڵی رابردوو نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان کەلوپەل هاوردە کردووە و لە رێگەی ئەو پارەیەی ئێران کە لە بانکی بازرگانیی عێراقدا راگیراوە، پارەکەی دراوە. دەشڵێت، “ئەم پلانە لەلایەن ئەمریکاشەوە پەسند دەکرێت کە بە هاوکاری بازرگانانی عێراقی کەلوپەلی پێویستی خۆمان هاوردە بکەین.”

ساڵی رابردوو بەم جۆرە بوو، کە بازرگانێکی کورد یان عێراقی ئەم کاڵا و کەلوپەلەی لە ئاوەکانی عێراقەوە بۆ ئێران هاوردە دەکرد و 90٪ی پارەکەی لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراق دەدرا و 10٪ی دیکەشی کاتێک دەدرا کە کاڵاکە رادەست دەکرا، بەڵام ئەم میکانیزمە بەردەوام گۆڕاوە.

سەید حەمید حوسێنی رایگەیاند: “بەخۆشحاڵییەوە رێکارەکانی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دۆلار، هێشتا کاریگەییەکی ئەوتۆی لەسەر جموجووڵی بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران نەبووە، بەڵام بێگومان کاری بۆ بازرگانانی عێراق ئەستەم کردووە و بازرگانان هەوڵدەدەن باری بچووک هاوردە بکەن.” ئاماژەی بەوەشکرد: “رۆژانە نزیکەی 20 بۆ 25 هەزار تۆن کەلوپەل بۆ عێراق هەناردە دەکرێت و ئەم گوشارانە تەنیا هەندێک کۆسپ دروست دەکات.”