ئەتۆمی ئابوری.. سیستمی سویفت چییە؟

بژاردەی دوورخستەنەوەی مۆسكۆ لە سیستمی “سویفت” بۆ مامەڵە داراییەکانی بانکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایە، بەهۆی هێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا.

بەڵام ئەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپاش کە پەیوەندییەکی ئابوریی بەرفراوانیان لەگەڵ مۆسکۆ هەیە، سەركێشیكردنە بە چەکێکی مەترسیدارەوە.

هەر لەگەڵ دەستپێكی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دەرکردنی ڕوسیایان لە سویفت خستە مژارەوە، وەک یەكێك لە سزاکان بۆسەر ئەو وڵاتە. جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا وتی، ئەو بژاردەكە هێشتا لەبەردەستیاندایە و وڵاتانی ئەوروپا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەری و لەوبارەیەوە ناکۆکی هەیە لەنێوانیاندا.

ئەڵمانیا بەتایبەتی، لەو وڵاتانەیە کە ترسی لەو بڕیارە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوی ڕەتینەکردووەتەوە، ڕایگەیاند، “بیر لە دەرەنجامەکانی دەکەینەوە”، بەڵام وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک فەرەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا پاڵپشتیی هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەکەن.

سیستمی سویفت چییە؟

سویفت، سیستمێکی دارایی جیهانییە بۆ گۆڕینەوە و خێراکردنی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لەنێوان وڵاتەکاندا، کورتکراوەی “کۆمەڵەی پەیوەندیی دارایی جیهانی نێوان بانکەکان”ــە.

سیستمی سویفت لە ساڵی 1973 دامەزرێنراوە و چالاکییەکانی بەشێوەیەکی کردەیی لە ساڵی 1977 دەستپێکردووە، بارەگاکەی لە بەلجیکایە، سیستمەکە تۆڕێکی بەرفراوانی بانکەکان لەخۆدەگرێت، زیاتر لە 200 وڵات، هەزاران دامەزراوەی دارایی و بانکیی جیهانی تێدایە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 11 هەزار و 500 دامەزراوە.

بەڵام سویفت بانکێکی ئاسایی (تقلیدی) نییە، بەڵکو جۆرێک سیستمی ناردنی دەستبەجێیە، کە بەکارهێنەرانی دڵنیادەكرێنەوە لە ناردن و گەیشتن و سەركەوتنی مامەڵەکەیان.

سیستمەکە ڕۆژانە زیاتر لە 40 ملیۆن نامە ڕەوانە دەکات، هەروەها چەندین تریلیۆن دۆلار لەنێوان کۆمپانیا و بانکەکاندا ئاڵوگۆڕدەکرێن.

زیاتر لە 1%ی ئەو نامانەی ڕۆژانە سیستمی سویفت ئاڵوگۆڕی پێدەكات، لە مامەڵەکانی ڕوسیا پێکهاتوون.

کێ خاوەندارێتیی سویفت دەکات؟

سویفت لە بانکە ئەمریکی و ئەوروپییەکان پێکهاتووە، نەک تەنها دامەزراوەیەک کە هەستێت بە پەرەپێدانی سیستمە تایبەتییەکەی و قۆرخکردنی.

تۆڕەکە ئێستا لەلایەن زیاتر لە دوو هەزار بانک و دامەزراوەی داراییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

وەك وتمان بارەگای سەرەكیی سویفت لە بەلجیكایە، بۆیە بانکی نیشتمانیی بەلجیکی بە هاوبەشی لەگەڵ بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهان سەرپەرشتی دەكەن، لەناویاندا بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکی و بانکی ئینگلتەرا.

لە ساڵی 2012دا ئێران لە سویفت کرایەدەرەوە، وەک بەشێک لە سزا سەپێنراوەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەوەش نزیکەی نیوەی هەناردەی نەوت و 30%ی بازرگانیی دەرەوەی لەدەستدا.

چۆن دەرکردنی ڕوسیا لە سویفت کاریگەریی دەبێت؟

لەم قۆناغەدا نازانرێت کام بانکە ڕوسییانە لە سویفت دەکرێنە دەرەوە، چاوەڕێدەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئەوە ڕوونببێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكانی پێشووی هەریەكە لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و بەریتانیا، دەڵێن، ئەم هەنگاوە دەرکردنی هەندێک بانک لە سیستمەکە دەگرێتەوە، بەدەرکردنی ئەو بانکانەش لە سیستمی دارایی جیهان، زیان بە توانای چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان دەگات.

ئەو سزایانە چین بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون؟

بەڵام ئەگەر وڵاتێک لە سیستمەکە بکرێتەدەرەوە، جوڵەی دارایی ئەو وڵاتە زۆر سەخت دەبێت، ناتوانێت دراو بنێرێت و ناشتوانێت هیچ پارەیەک وەربگرێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هاوردە و هەناردەکردن و چالاکییە جیاوازەکانی کەرتی ئابوریی وڵاتەکە دەبێت.

ئامانج لەو سزایانە دوورخستنەوەی کۆمپانیا ڕوسییەکانە لە گەیشتن بە مامەڵە جیهانییە ئاساییەکان لەڕێگەی سویفتەوە، هەروەها پەكخستنی دەستگەیشتنی ڕوسیا بەو پارانەی لە بەرامبەر وزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و مامەڵەكانی دیكەدا دەستیدەكەوێت.

هەروەها بانکەکان ناتوانن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، لەکۆتاییشدا کاریگەری لەسەر بڕینی داهاتەکانی حکومەتی ڕوسیا دەبێت.

پێشتر لە ساڵی 2014دا ڕوسیا بەوە هەڕەشەی لێکرا کە لەو سیستمە جیهانییە دەکرێتەدەرەوە، بەهۆی هێرشی بۆسەر نیوەدوورگەی كریمیا.

لەوکاتەدا هاوپەیمانە خۆرئاواییەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو هەنگاوە.

بۆ ئامادەکاری لەبارەی سزایەکی لەوجۆرە، حکومەتی ڕوسیا سیستمێكی جێگرەوەی بەناوی پسووڵەی پاڵپشتیی نیشتمانی – Mir دەمەزراند، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام ئێستا سیستمەکە لەلایەن ژماریەکی کەم لە وڵاتانی بیانییەوە نەبێت، بەکارناهێنرێت.

بۆچی وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی دەرکردنی ڕوسیا لە سویفت دابەشبوون؟

ڕوسیا سەرچاوەیەکی سەرەکیی نەوت و گازی سروشتیی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایە، هەروەها دانانی شوێنگرەوەی روسیا لەو ڕووەوە کارێکی ئاسان نییە.

ئەلێکسی کۆدرین وەزیری پێشووی دارایی ڕوسیا دەڵێت، ئەگەر ڕوسیا لە سویفت بکرێتەدەرەوە، ئابوریی ڕوسیا بەڕێژەی 5% دادەبەزێت.

بەڵام گومان هەیە لە کاریگەرییە هەمیشەییەکانی ئەو ڕێکارە لەسەر ئابوریی ڕوسیا، چونکە دەکرێت ڕوسیا بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانی، پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات کە سازایان بەسەردا نەسەپاندووە، وەک چین، کە سیستمێکی پارەدانی تایبەت بەخۆی هەیە.