بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی: لە٢٠٢١دا زیاتر لەملیۆنێک‌و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتونەتە پارێزگای سلێمانی

ئا: رێژەن سەردار

بەرێوبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ھەوڵدەدەن باج‌و رسومات لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان کەمبکرێتەوەو حکومەت ھاوکاری زیاتری کەرتی گەشتیاری بکات، تاکو بازرگانان‌و خاوەنکاران ھانبدرێن لەکەرتی گەشتیاریی وەبەرھێنان بکەن، ئەو دەڵێت “لەساڵی ٢٠١٤وە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە نەتوانراوە وەک پێوست بودجە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار تەرخان بکرێت”.

بەرێوبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی، عەلی ڕەئوف بەرۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند لەزۆربەی ساڵەکاندا پارێزگای سلێمانی لەپلەی یەکەمدایە بۆ ھاتنی گەشتیار، ئەو وتی “لەساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لەملیۆنێک‌و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتۆتە پارێزگای سلێمانی، کە ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ خاوەن ئۆتێل‌و ریستۆرانت‌و فرۆشیارانی ناو بازاڕو مۆلەکان، واتە ھاتنی گەشتیار دەبێتە خێرو بەرەکەت بۆ کاسبکاران‌و بوژانەوەی بازاڕو باشکردنی ژیانی خاوەنکاران‌و کاسبکاران”.

وتیشی “شاری سلێمانی لەساڵەکانی ٢٠١٨و ٢٠١٩و ٢٠٢١ پێشەنگ بوو لە ڕووی ھاتنی گەشتیارەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەھۆی ھاتنی کۆرۆناو کەرەنتینەوە ڕێکارە خۆپارێزی‌و تەندروستییەکان ھاتنی گەشتیار وەکو پێوست نەبوو لەسەرتاسەری جیھان کەرتی گەشتیاری لە قۆناغی وەستاندا بوو”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەمانگی رابردودا بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕووی لەشاری سلێمانی کرد، بەڵام زۆرجار کە دەیانویست روبکەنە ناوچە شاخاوییەکان تا دیمەنی جوانی وەرزی زستان ببینن رێگاکان داخرابون، سەبارەت بەهۆکاریی ئامادەکاریی نەکردن بۆ پێشوازی لەگەشتیاران لەم وەرزەدا، بەرێوبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی “کەرتی گەشتوگوزار تەنھا پەیوەندی نیە بە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمەوە، پاکردنەوەی ڕێگاکان ئەرکی تیمەکانی شارەوانییە، کە کەمتەرخەمییان نەکردو بەوپەڕی تواناوە کارەکانیان دەکرد، بەڵام ڕێژەی بەفرەکە زۆر زۆر بوو، نەک ھەر لەکوردستان لەسەرتاسەری جیھاندا کاتێک ڕۆژی یەکەم بەفر دەبارێت ئاستەنگ بۆ ھاتوچۆ دروست دەبێت، لەپێناو سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان ھەندێکجار ڕێکار دەگیرێتەبەر، لەکوردستان کەمتەرخەمی نەکراو ڕێگاکان بەکەمترین ماوە کرانەوە بەڕووی گەشتیاراندا”.

دەربارەی ئەو سکالایانەش کە کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی دەکەن لەسەر ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی گەشتیار دەھێنن باجی زیاتریان لێوەردەگرێت لەوانەی کە گەشتیار دەبەنە دەرەوەی کوردستان یاخود باج‌و رسوماتێکی زۆریان بەناوی جیاوازەوە لێوەردەگرێت جیا لەگرانی کارەباو ئاو، بەجۆرێک جیاوازی ناکرێت لەنێوان کۆمپانیایەکی گەشتیاری‌و کۆمپانیایەکی نەوتدا لەوەرگرتنی باج‌و رسوماتدا، عەلی ڕەئوف وتی “ئێمە سێ جۆر مۆڵەتمان ھەیە، کۆمپانیای گەشتیاری‌و نوسینگەی گەشتیاری‌و بریکاری گەشتیاری، بەگوێرەی ڕێنماییەکان ئەوانەی کە دەتوانن لەساڵێکدا زیاتر لەپێنج گروپی گەشتیاری بھێننە ناو شاری سلێمانی‌و شوێنە گەشتیارییەکان لەسەدا ٧٥ لێخۆشپونیان ھەیە لەڕسومات، حکومەت وەکو ھاندانێک ئەم ڕێنمایە جێبەجێ دەکات، ئاگاداری ئەوە نین ڕوسماتی زیاتریان لێوەربگیرێت، شتی وا نیە، ئەگەر پەیوەندیدار بێت بەفەرمانگەی زەریبەوە من ئاگادار نیم، ئێمە وەکو فەرمانگەی خۆمان بەوپەڕی تواناوە کار دەکەین بۆ ھێنانی زۆرترین گەشتیار”.

وتیشی “ئێمە وەکو فەرمانگەی خۆمان ھەمیشە ھەوڵدەدەین‌و حەز دەکەین ڕسومات لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان کەمبێتەوە، حکومەت ھاوکاری زیاتری کەرتی گەشتیاری بکات، تاکو بازرگانان‌و خاوەنکاران ھانبدرێن لەکەرتی گەشتیاری وەبەرھێنان بکەن، ھەوڵەکانمان بەردەوامەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین، کێشەکانمان گەیاندۆتە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزارو وەزیرەکان‌و جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت‌و داوامان کردوە پێداچونەوە بکرێت بەڕسوماتدا”.

سەبارەت بەهۆکاری ئەوەی زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بێ خزمەتییان پێوە دیارە، بەرێوبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی “ئێمە لەھەوڵداین بۆ چارەسەر کردنی هەمو ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم کەرتی گەشتوگوزار، خۆشبەختانە لەئێستادا دەتوانین لەسەدا ١٥ی داھاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار بۆ خزمەتی ئەو ناوچانە تەرخان بکەین بە بەھای ٤١٨ ملیۆن دینار سێتی تەوالێتی خانمان‌و پیاوان لەسەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان جێبەجێ دەکرێت‌و پڕۆژەکە لەقۆناغی تەندەردایە”.

وتیشی “بەگوێرەی یاسا دەتوانین لەسەدا ١٥ی ئەو داھاتەی لەبازرگانان‌و خاوەنکاران وەردەگیرێت بکەین بەپڕۆژەی بچوکی خزمەتگوزاری وەکو دانانی مێزو کورسی‌و تەنکەی خۆڵ‌و سێتی تەوالێت بۆ ناوچە گەشتیارییەکان”.

بەرێوبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژەی بەگرنگیی ڕۆڵی کەرتی تایبەت کرد لەپێشخستنی کەرتی گەشتوگوزارداو وتی “لەھەموو جیھاندا کەرتی تایبەت رۆڵی گرنگ دەبینێت لەپێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاردا، لە شاری سلێمانیش چەندین پرۆژەی گرنگ‌و ستراتیژیمان لەلایەن خاوەنکاران‌و بازرگانانەوە پێشکەش کراوەو داوای مۆڵەت دەکەن، وەکو پڕۆژەی گەشتیاری دوکان‌و پوژاندنەوەی چەمی قلیاسان‌و سەرچنارو شێرکوژ، لەئێستادا لەقۆناغی دیزاین‌و مۆڵەتدان، ھیوادارین بەپشتیوانی کەرتی تایبەت گەشتوگوزار پێشبخەین‌و بیبوژێنینەوە، لەبەرئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٤وە توشی قەیرانی دارایی بۆتەوە، بۆیە وەکو پێوست نەتوانراوە بودجە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار تەرخان بکرێت”.

وتیشی “گرفتی سەرەکیمان نەبوونی یاسایەکە تایبەت بەڕێکخستنی کەرتی گەشتوگوزار کە ئێستا ڕەشنوسی یاساکە لەپەرلەمانی کوردستانە، خەریکە کاری لەسەر دەکرێت تاکو ببێتە یاسا، بەگوێرەی یاساکە بودجەی تایبەت بەپێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار تەرخان دەکرێت، ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرھێنەران‌و بازرگانان دەکرێت، ئاسانکاریش بۆ ھاتنی گەشتیار دەکرێت، کێشەیەکی سەرەکی دیکەشمان گرنگینەدانە بەکەرتی گەشتیاریی لەڕێگەی وەبەرھێنەرانەوە، کە بەداخەوە لەئێستادا وەکو پێویست بازرگانان وەبەرھێنان لەکەرتی گەشتوگوزار ناکەن”.