پەرلەمانی عێراق لەبارەی نرخی دۆلارەوە بڕیاری چی دا؟

دوای گرانبوونی نرخی نەوت لە دنیا، بەشێك لە پەرلەمانتار و شارەزایانی عێراق ئاماژە بۆ توانای گۆڕینی نرخی دۆلار دەكەنەوە، دەڵێن بە شێوەیەك دەتوانرێت نرخەكەی وەك جاران یان نزیك لە جارانی لێ بكرێتەوە، چونكە لە گرانبوونی خەڵكێكی زۆر، بەتایبەتی لە چینی هەژار و ناوەند زەرەریان كردووە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی عێراق بە وردی تاوتوێی ئەو بابەتە كرا.

ئەمڕۆ دووشەممه‌ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 288 ئەندام دووەم دانیشتنی یەكەم وەرزی ساڵی یەكەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی ساز كرد و تیایدا عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ئامادەی دانیشتنەكە بوو بۆ قسەكردن لەبارەی هۆكار و ئەنجامەكانی زیادكردنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی و ئەگەر و چارەسەرییەكانی دۆخەكە بۆ كەمكردنەوەی زیانی خەڵكەكە.

لە دانیشتنەكەدا عەلاوی بە وردی باسی هۆكارەكانی گرانكردنی نرخی دۆلار و پێوەندی بە چاكسازی ئابوورییەكانی لە عێراق ئەنجام دراوە كرد و وتی، ئەوە تەنیا بڕیاری وەزارەتی دارایی نەبووە، جیا لەوە كێشەی ئابووری عێراق تەنیا بەو هۆیەوە نییە و بەهۆی كەلەكەبوونی نەرێنییەكان و بۆ سیاسەتەكانی حەفتاكانی سەتەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

عەلاوی دووپاتی كردەوە كە چاوخشاندنەوە بە نرخی دۆلار بێ تاوتوێكردن، پشێوی و ئاڵۆزی دارایی دروست دەكات، جیا لەوە لەو رێگەیەوە داهاتی حكوومەت بە رێژەی 23% زیادی كردووە، وەزیری دارایی عێراق پێشنیازی كرد بە پاڵپشتیكردنی چینی هەژار و نەدار لە رێگەی تەرخانكردنی راستەوخۆی بڕێك پارە لە رێگەی پسوولەی خۆراك یان چاودێریی كۆمەڵایەتییەوە دابەش بكرێت، هەروەها پاڵپشتیكردنی پڕۆژەی بچووك و ناوەند، بەتایبەتی لە ناوچە دەشتاییەكان، ئەوەیش لەو پارە زیادەی بەهۆی گرانبوونی نرخی نەوت فەراهەم دەبێت.

بەدەر لەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەكە داوای لە وەزارەتی دارایی كرد بۆ پێشكەیشكردنی بۆچوونی نوێ سەیارەت بە چارەسەركردنی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕینی نرخی دراو و لە ماوەی دوو هەفتە پێشكەیشی پەرلەمان بكرێت، وەزیری دارایی دووپاتی كردەوە كە ئێستە ناتوانرێت نرخی دۆلار بگۆڕدرێت، چونكە سەقامگیری لە ئابووری عێراق دروست كردووە و گۆڕینی پێوەستە بە زیادبوونی پارە تا ئاستێكی خوازراو.