ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند سمینار بۆ ژنان ڕێکدەخات

بەمەبەستی ھاندانی ژنان و کچان بۆ پشت بەستن بەکاری خۆیان و ھەوڵدان بۆ کارکردن سەربەخۆی خۆیان ، سەنتەری زانیاری و گەشەپێدانی کار سەر بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوو تیژی دژبەژنان لەڕۆژانی ٣ بۆ ١٢ ئەم مانگە کۆمەڵێک سمینار ئەنجام دەدات.


لەیەکەم ڕۆژی خولەکەدا کە بۆ ژمارەیەک لە کچانی خوێندکاری کشتوکاڵی بەڕێوەچوو لەژێر دروشمی ڕۆڵی ژنان لەگەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕێنمای کشتوکاڵی بەکرەجۆ بەڕێوەچوو, وەسفی خەلیل ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی سمینارێکی تایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ ئەنجامدا.

وەسفی خەلیل ڕایگەیاند: وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەمانەوێت زانیاری زیاتر بدەین بەخوێندکارانی بواری کشتوکاڵی کە لەخوێندندان لەبواری پێگەو گرنگی کشتوکاڵ لەڕوی ئابوری وڵات وە ڕەگەزە گرنگەکانی پرۆسەی ئەنجامدانی پرۆسەی کشتوکاڵی وە ناساندنی بەرھەمەکشتوکاڵیەکان لەکوردستان و ڕێگەکانی گەشەکردنی کشتوکاڵ لە کوردستان”.

ئاماژەی بەوەشدا لەسمینارەکەماندا داوامانکرد کە کچان خۆیان ھەوڵ بۆ پێگەیاندنی خۆیان بدەن لەکەرتی کشتوکاڵدا چونکە کوردستان لە ئایندەدا گرنگی زۆرتر بە کەرتی کشتوکاڵی دەدات.

بڕیار وایە سەنتەری زانیاری و گەشەپێدانی کار سمینارەکانی بۆ کچان و ژنانی شاری سلێمانی بەردەوامی ھەبێت تا گرنگی بەخۆیان و پشت بەخۆیان ببەستن بۆ کارکردن.