ڤیزا لەنێوان ئێران و ڕووسیا هەڵدەگیرێت

به‌رپرسی نووسینگەی بازاڕدۆزیی و ریكلامی بەشی گەشتیاریی ڕێكخراوی كەلەپووری فەرهەنگی و پیشە دەستییەكان و گەشتیاریی ئێران رایگەیاند، “بەمزووانە ئێران و ڕووسیا ئیتر ڤیزەیان لە بەیندا نامێنێت”.

ماڵپەڕی سەحەری ئێرانی فەرمی بڵاویكردەوە، بەرپرسی نووسینگەی بازاڕدۆزیی و ریكلامی بەشی گەشتیاریی ڕێكخراوی كەلەپووری فەرهەنگی و پیشە دەستییەكان و گەشتیاریی ئێران لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیا گەیشتیارییەكان و ئەنجومەنی موسڵمانانی كۆماری باشقیرستانی ڕووسیا لە تاران رایگەیاندووە، “پەرە پێدانی پێوەندی لەگەڵ كۆماری موسڵمان نشینی باشقیرستان لە هەموو بوارێكدا دەكرێتە بەرنامەی سەرەكی”.

ئەژدەری ئاماژەی بە پێشینەی مێژوویی و كەلتووریی ئێران كردووەو وتی، “ڕووسیا لە ڕیزی ئەو بازاڕانەیە كە بۆ ئێران لە بواری گەشتیاریدا ئامانجێكی گرنگ دێتە ئەژمار”.

ئەوەشی خستەڕوو، “كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت هەگبەی گەشتیاریی حەڵاڵ بخاتە بەردەستی گەشتیارانی موسڵمانی وڵاتانی جۆربەجۆر و ئەو خاڵە ڕاكێشەرە ئەگەری زۆرە بەرەوڕووی پێشووازییەكی بەربڵاو لە لایەن گەشتیارانەوە ببێتەوە”.