کۆنسوڵخانەی سریلانکا لەهەرێمی کوردستان کرایەوە

 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی فەخریی سریلانکای ئەنجامدا و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتاندا کرد و سوپاسی حکوومەتی سریلانکاشی کرد بە کردنەوەی نوێنەرایەتییەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانییان.
لای خۆشیەوە کۆنسوڵی فەخری کۆماری دیموکراتی سۆشیالیستی سریلانکا، دکتۆر ئەحمەد جەلالەددین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوەشکرد کە سریلانکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوبکات.
هەر لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسوڵخانەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا وتی: “ئەو هەنگاوەی حکوومەتی سریلانکا سەرنجی ئێمەی راکێشاوە و ئەمەش مژارێکی گەرمە لە میژووی ئێمەدا و ئاسۆیەکی گەشە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە پەیوەندییەکانی لەگەل هەموو کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و ئاماژەیشە بەو سیاسەتەی هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”.

فەلاح مستەفا وتیشی: “ئێمە دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین لە سەرانسەری جیهان و بەرەو پێشەوە بچین و ئەمەش لە بەرژەوەندی حکوومەتی هەریمی کوردستان و حکوومەتی ئێوەشە و پیرۆزبایی لە دکتۆر ئەحمەد جەلالەددین دەکەین کە وەکو کۆنسوڵی فەخری کۆماری دیموکراتی سۆشیالیستی سریلانکا دەستنیشانکراوە و هیوادارین لە ئەرکەکانی سەرکەوتووبێت و بەڕێزیان پشتگیریی تەواوی خانەی سریلانکای بەدەست گەیشتووە”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانییان لەگەڵ بەغدا، فەلاح مستەفا وتی: “راستە کە ئیستا دۆخێکی سەخت لە نێوان هەرێم و بەغدا دەبینین و ئەوانیش لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر رووی دا، بەڵام دڵنیاین کە بەسەر ئەم تەحەداتیانە زاڵ بین و پەیامی ئێمە روونە کە پابەندە بە دەستووری عێراق و ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە و باوەڕمان وایە کە چەندین دەستکەوت بە دەست بهێنین و ئاواتەخوازین لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنسوڵخانەی تەواوی سریلانکا لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و لە رووی ئابووری و سیاسییەوە بتوانین پەیوەندییەکانی سیاسیی و ئابووریمان هەبێت و بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەنگاوکانی ئێوە دەکەین وپێمان وایە کە خەونەکانمان دێتە دی”.

بەکردنەوەی ئەم نوێنەرایەتییەی سریلانکا، ئەوا تێکڕای نێردە بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە ٣٨ نێردە کە حەوت لەوانە کونسوڵی فەخرین ئەمە لەکاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سریلانکا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

سریلانکا خاوەن کەرتێکی کشتوکاڵی بەهێزە و یەکێکە لە وڵاتە بەناوبانگەکانی بەرهەمێنەری چا کە ساڵانە بڕێکی زۆری چا هەناردەی وڵاتان دەکات.