پیشەی هەنگەوانی و بەرهەمهێنانی هەنگوین لەکوردستان

هەنگ دونیایەکی جیاوازتری هەیە بەراورد بە مێرووەکانی دیکە کە تا ئێستاش شارەزایان و زانایانی تووشی سەرسوڕمان کردووە بەھۆی زۆری تواناکانییەوە کە بەردەوام شتی تازە فێردەبێت و پشت بەخۆی دەبەستێت، زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنگ توانای جیاکردنەوە و ناسینەوەی رووخساری کەسەکانی هەیە و دەتوانێت بیانناسێتەوە، جگە لەوەش، مێشکی ھەنگ بە بیست ھەزار جار لە مێشکی مرۆڤ بچووکترە، بەڵام کارەکانی زۆر لەسەرووی توانای مرۆڤە بەجۆرێک لەکاتی فڕیندا چاوەکانی بەرێگەیەکی ناوازە ‌کاردەکەن ‌و زانیارییەکان بە شێوەیەکی زۆر خێر دەگوازنەوە بۆ مێشک، کە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ مێشکە بچووکەکەی ناگونجێت، لەکاتێکدا کە بەخێراییەکی زۆر دەفڕێت دەتوانێت گوڵەکان جیابکاتەوە و بەربەستەکانیش دەستنیشان دەکات و دەتوانێت باشترین رێگا بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بگاتە گوڵەکان.

راگرتنی هەنگ جگە لەوەی حەز و خولیایە لەلایەن هەنگەوانان، بەڵام داهاتێکی باشی ئابووری هەیە بەهۆی بەرهەمهێنانی هەنگوینەکەی کە لە رووی تەندروستیشەوە چارەسەری بەشیکی زۆری نەخۆشییەکان دەکات. 

هەنگەوانێک کە زیاتر لە سی ساڵە خەریکی ئەو پیشەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە راگرتنی هەنگ حەز و خولیایە و ئەگەر هیچ سوودێکی ئابووریشی نەبێت ئەوا دەستبەرداری کارەکەی نابێت.

هەنگاوان، حاجی بەزار عەبدوڵڵا  چیرۆکی دەستپێکردنی کارەکەی دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە کاتی خۆی لە هەندێک وەرزدا خەڵک خواستی لەسەر هەنگوین هەبووە بەڵام لە هەموو وەزرێکدا هەنگوینیان دەست نەکەوتووە و ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە ئەو هەنگەوانە خەریکی بەخێوکردنی هەنگ بێت و بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ خاوەنی چەندین پلوورەی پڕ لە هەنگوین بێت و تا ئێستاش بەردەوام بێت لە پیشەکەی.

بەزاز عەبدوڵڵا کە خاوەنی زیاتر لە ١٥٠ خلێف یان کەندووی هەنگە و ژمارەی هەنگەکانی نزیکەی ٣٠٠ هەزار هەنگ دەبێت و دەڵێت کاتی خۆی باوک و باپیرەم هەنگەوان بوون و بەهۆی ئەوەی لە هەندێک وەزردا خەڵک خواستی لەسەر هەنگوین هەبووە و ئەوکاتیش لە هەموو وەرزێکدا هەنگوین دەست نەکەوتووە بەهۆی کەمی مێشەکانەوە، بڕیارمدا منیش هاوشێوەی باوک و باپیرەم بە شێوازێکی بەردەوام دەست بەو کارە بکەم.

بەزار عەبدوڵڵا، باسی لەسەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی کرد و هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ئەو پیشەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم لە دوکان بووم کە ئەویش هەنگەوان بوو، جاری وا هەبوو هەنگوین کەم بوو بەردەوامیش کڕیارەکان خواستیان لەسەر بوو بۆیە بڕیارمدا بۆخۆم خەریکی پیشەکەبم بۆ ئەوەی بتوانم بە بەردەوامی بەرهەمی هەنگوینم هەبێت ئەمەش بەهۆی زۆری ژمارەی مێشکانەوە ئامانجەکەم بەدیهات”.

مێشەکان سێ رەگەزی جیاوازن کە هەریەک بەرپرسە لە کارەکانی خۆی و بە شێوەیەکی رێک کارەکان بەڕێوەدەبەن و کە ئەوانیش بریتین لە نێر و مێ و مەلیکە. هەریەک لە مێشەکان ماوەی تەمەنییان ٤٥ رۆژ دەبێت و بەلام مەلیکە هەشت ساڵ دەژی.

سەبارەت بە رەگەز و چۆنیەتی دابەشکردنی کارەکانییان، بەزاز عەبدوڵڵا وتی: “مێشەکان سێ رەگەزیان هەیە کە هەریەک لە نێرە و مێ و مەلیکە کە تەمەنی مێشەکان ٤٥ رۆژە بەڵام تەمەنی مەلیکە نزیکەی ٨ ساڵ دەبێت. کارەکانیان لە رێگای مەلیکەوە دابەش دەکرێت و بەم جۆرەش کاری رەگەزی مێ کە کارەکەری پێ دەڵێن، کارەکەی لە وەرزی بەهار تا وەرزی پاییز دەستپێدەکات، کە بریتییە لە کۆکردنەوەی هەنگوین و رێکخست و پەستانەوەی هەنگوین لەناو شانەکان و هەروەها لە رێگای وەشاندنی باڵەکانییەوە کە بڕێک هەوا لە ژوورەوە پەیدا دەکات و ئەو کردارەش وا دەکات کە هەنگوینەکە خەست بێتەوە، ماددەی شەکری دووانە دەکاتە ماددەی شەکری یەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا کارەکەر بەرپرسە لە دروستکردنی رادەی شێ لەناو خلێفەکەدا کە بەپێی رێژەی ستاندارد دەبێت رادەی شێ لەناو خڵێفەکە ١٦،٧٩ پلە بێت و ئەوە باشترینانە و ئەگەر پۆینتێک لەو رێژەیە زیاد بکات ئەوا هەنگوینەکە دەمەیی، زۆرجار هەیە کەسێک هەنگوین دەباتە ناو بەفرگرە دایدەنێت و دەبینێت دوای ماوەیەک هەنگوینەکە بەستوویەتی، ئەوا پەیوەندی بە کەم و زیادی رادەی شێ هەیە لەکاتی دروستبوونی”.

وتیشی: “رەگەزی دووەمیان کە نێرەکەیە، نێرەکە کاری تەنیا بۆ یەک مەبەستە و لەمانگی ٤ تا مانگی ٧ لەگەڵ مەیلکەی جووت دەبن و جووتگیری دەکەن، لەدوای مانگی ٧ خواردنییان پێ نادەن و بۆخۆیان لەناو دەچن”. 

سەبارەت بە جۆری سێیەمیان کە مەلیکەیە و دایکی هەموویانە، حاجی بەزاز عەبدوڵڵا وتی: “مەلیکە دایکی هەموو تائیفەکەیە، کاری مەیلکەی تەنیا هێلکە دانانە و پێچەوانەی مەلیکەی سیاسیی کە خاوەنی دەسەڵاتە، لەناو دونیای هەنگدا، مەلیکە ئەرکی رێکخستنی کاروبارەکانی هەنگە و پۆڵینیان دەکات بەسەر دوو جۆردا، جۆرێک کە دەچنە دەرەوە و جۆرێک کە تەنیا لە ژوورەوە دەبن، ئەوانەی دەچنە دەرەوە تەمەنییان لە سەرووی ٢١ رۆژە، ئەوانەی ناوەوە ئەوانەن کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ٢١ رۆژ و مافی چوونە دەرەوەیان نییە، بەمەش ئەگەر سەیر بکەین کارەکانی دەرەوە و کارەکانی ژوورەوە بەراورد بکەین دەبینین هاوسەنگییەکی تەواوی هەیە و ئەمەش لەلایەن مەلیکەوە رێکدەخرێت، بۆیە هەر کاتێک ئەو هاوسەنگییە ناتەواو بوو، ئەوا مێشەکان مەلیکەی خۆیان دەگۆڕن”.

سەرەڕای جێگۆڕکێ بە کەندووەکانی هەنگ و دوورخستنەوەیان لە شوێنە گەرمەکان، ئەوا لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، دەست دەکرێت بە بڕینەوەی هەنگوین لە شانەکان و دواتر لە رێگای ئامێری تایبەتەوە هەنگوین و شانەکان لەیەکتر جیادەکرێنەوە و پاشان شانەکان لە خلێفەکان دادەندرێنەوە و بەو پێیە لە ١٥ی مانگی ٨ دەست بە بڕینەوەی هەنگوین و بەهەمهێنانی دەکەن و شانەکان دەبەن بە فیراز و چنگاڵ دەریدەهێنن و بە ئامێری فیراز واتا بە فشاری هەوا هەنگوێنەکە دێتە دەرەوە و شانەکان هەندێک هەنگوینی تێدا دەمێنێتەوە ئەوەش بۆ ئەوەی لە وەرزێکی دیکە سوودی لێ وەرگرن و ئەگەر کاتەکە باشی بیت ئەوا مێش دەتوانێت جاریکی دیکەش هەنگوین دابنێتەوە.

حاجی بەزاز لەم بارەیەوە وتیشی: “ئەگەر لە کاتی پاییز شانەی بە هەنگوینەکە دایبنێی و ئەوا مێشەکان هەنگوینەکە دەخۆن و ئێمەش شانەکە بەبێ هەنگوین دەردەهێنین، بەڵام ئەگەر لە سەرەتای مانگی هەشت هەنگوینەکە ببڕینەوە ئەوا سەیر دەکەین دوای مانگی هەشت جاریکی دیکەش هەنگوینی داناوە”. 

دوای گرانبوونی نرخی هەنگوین، دیاردەیەک پەیدابوو کە ئەویش پێدانی شەکرە بە هەنگەکە و دواتر ئەم شەکرە کاریگەری لەسەر هەنگوینەکە دروست دەکات و ئەمەش وایکردووە کە خەڵک بە دوودڵییەوە هەنگوین بکڕێت. سەبارەت بەم حاڵەتەش، حاجی بەزار وتی: “هیچ هەنگەوانێک نییە کە شەکر بە مێشەکە نەدات، چونکە جاران کەسێک مێشێکی هەبووە و هەنگوینەکە پارەیەکی باشی نەکردووە و پێویستی بەو داهاتە ئابوورییەی نەبووە، ئەوا هێندە هەنگوینەی لەناو پلوورەکەی بۆ جێهێشتووە بۆ ئەوەی مێشکە پێویستی بە خواردنی دیکە نەبێت، بەڵام ئێستا چونکە هەنگوین نرخەکەی زۆرە و هەنگوینەکەی لە ئاستی خۆی زیاتر دەردەهێنن و بۆیە ناچار دەبن شەکراوی پێ بدەن. ئەو شەکراوەش ئەگەر هەتا کۆتایی مانگی ئازار هەر هەنگەوانێک شەکر بە مێشەکان بدات، ئەوا ئاساییە بەڵام دوای مانگی ئازار ئەوە خراپە و کاریگەری لەسەر هەنگوینەکە هەیە”.

ئەو هەنگەوانە ئاماژە بە نەخۆشییەک دەکات کە رووبەڕووی هەنگەکان دەبێتەوە و دەڵێت کە ئەو نەخۆشییە لە دونیادا چارەسەری نیە و تا ئێستا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە و نەخۆشیەکەش کاریگەری راستەوخۆ لەسەر توانا و جووڵەی هەنگەکە دەکات. 

سەبارەت بە جۆری نەخۆشییەکانیش، حاجی عەبدوڵڵا بەزاز وتی: “یەکێک لەو نەخۆشییانەی کە تووشی هەنگ دەبێت ناوی نەخۆشی ڤاڕوایە کە ئەو نەخۆشییە کاریگەری لەسەر گەرای مێشەکە دەکات و جۆرە پندێکە لەگەڵ گەرا دەچێتە ژوورەوە و لەگەڵ هێلکەکە کارلێک دەکات و خواردنی فەرخەکە دەخوات و بەم جۆرەش گەشەی نابێت و باڵەکانی کورت دەبێت و قاچەکانی ناتەواو دەبن”. 

لە رووی تەندروستیشەوە هەنگوین پارێزگاری لە لەش دەکات لە تووشبوون بە بەکتریا و ڤایرۆس و جۆرەھا نەخۆشی، کە زۆر دەوڵەمەندە بە ماددە و ڤیتامینی پێویست بۆ جەستەی مرۆڤ و جێگرەوەیە بۆ گۆشت و شیر و میوە و سەوزە و کرداری هەرس و دەرهاوێشتن ئاسان دەکەن، جگە لەوەش یارمەتی کۆئەندامی هەناسە دەدات و چەند سوودێکی دیکەی تەندروستی هەیە.