“راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان زیانی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەیاندووە”

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵڵا دەڵێت ”کۆمپانیاکان دەتوانن سکاڵا لە دژی بڕیاری راگرتنی گەشتەکان تۆمار بکەن، چونکە زیانی زۆریان بەردەکەوێت”.

پێش ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ فڕۆکەکانی دونیا بە ھاموشۆی بەردەوامییان بە شەو و بە رۆژ خامۆشیی ئاسمانی کوردستانییان پڕ دەنگ کردبوو، بەڵام ئێستا و لە پاش ئەو رووداوە گەورەیە کە ھەرێم داخوازیی ئەوەی ھەیە لە عێراق جیاببێتەوە ئەو ئاسمانە دیمەنی ھیچ فڕۆکەیەکی بیانیی تێدا نییە کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان یان عێراقەوە ھاتبێت و بیەوێت لێرە بنیشێتەوە.

لە نێو کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار ھاوشانی نووسینگەکانی ھێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتانی دونیا لە ھەرێمی کوردستان ئێستا بێ بازاڕییەکی زۆر دەبینرێت، ھۆکاری سەرەکیی ئەمەش بڕیارێکی حکوومەتی عێراق بوو بە قەدەغەکردنی فڕین یان نیشتنەوەی ھیچ فڕۆکەیەک کە لە دەرەوەی ئاسمانی عێراقەوە بێت لە هەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی.

ئەو قەدەغەکردنە کە ھەینیی رابردوو کەوتە واری جێبەجێ کردنەوە، زیانی گەورەی ئابووریی بە ھەرێم گەیاندووە، ئەمە جگە لەوەی کە زۆر کێشەی بۆ ئەو ھاوڵاتییانی ھەرێم و بیانییەکانی ھەرێمیش پەیداکردووە ئەوانەی نەیاندەویست لەرێگەی بەغداوە گەشت بکەن، بەڵام ئێستا بەناچاری ئەبێت ئەوە بکەن.

ھێڵی ئاسمانی تورکیا و کۆمپانیا تورکییەکان ئەوانەی تکتی ھێڵەکەیان لەلایە زەرەرمەندی یەکەمن لەنێو کۆمپانیاکان، چونکە تورکیا وڵاتی یەکەم بوو لەریزبەندیی ئەو وڵاتانەی کە بیانییەکان لێیوەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەهاتن، ھەروەھا فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانیش جمەی دەھات و فڕۆکەیەکی زۆری تورکیا گەشتیارییان بۆ ئەو وڵاتە لێرەوە دەبرد.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح لە لێدوانێکدا لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و قەدەغەکردنی فڕین یان نیشتنەوەی فڕۆکەی ھیچ وڵاتێک لە ھەولێر یان سلێمانی  رایگەیاند “ھەموو گەشتەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی بۆ دەرەوەی وڵات ئەوانەی لەو دوو فڕۆکەخانانەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەکران و بە پێچەوانەشەوە ھەمووی راگیراوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆری ھێڵی ئاسمانی وڵاتانی دونیا گەشتییان بۆ ئەو دوو فڕۆکەخانەیە ھەبوو و ھەموویان رایانگرتووە، لەوانە ھێڵەکانی ئاسمانی لۆفتانزا، شاهانەی ئوردنی، تورکیش ئێر لاین، ئەتڵەس جێت، جێرمانیا، ھێڵی ئاسمانی عێراقی، ھێڵی ئاسمانی نەمسایی، ئەرمینیا، ئێران، ئازەربێجان، ئەمانە ھەموو گەشتەکانییان راگرت”.

سەبارەت بە زیانەکانی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ژمارەی ئەو گەشتانەی پێشتر لەھەرێمەوە راستەوخۆ بۆ تورکیا و بە پێچەوانەوە لە تورکیاوە بۆ ھەرێم بوون قسە دەکات، ناوبراو روونی دەکاتەوە “زۆرترین گەشت لە ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەکانی تورکیا بوون، فڕۆکەخانەی سلێمانی بە تورکیش ئێرلاین و ئەتڵەس جێت ھەفتانە نزیکەی ١٥ گەشتییان بۆ تورکیا ھەبوو لە ھەفتەیەکدا، ئەوە جگە لەوەی ھێڵی ئاسمانی عێراقییەش ھەفتانە حەوت گەشتییان ھەبوو، واتە ھەفتانە نزیکەی ٢٥ گەشت، ھەروەھا بۆ فڕۆکەخانەی ھەولێریش ھەفتانە ٢٥ گەشتییان ھەبوو”.

ئومێد محەمەد ساڵح باسی لەوەشکرد کە رەنگە گەشتە ئاسمانییەکان لە ھەرێمەوە بۆ بەغدا زیاد بکەن، ھۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی لە ھەرێمەوە دەیانەوێت گەشت بکەن دەبێت بچنە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوبارەیەوە گوتی “ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت گەشت بکەن دەبێت بچنە فڕۆکەخانەی بەغدا یان لەرێگەی زەمینییەوە لەھەرێمەوە بچنە تورکیا یان ئێران”.

سەبارەت بە چارەسەری ئەو کێشەیەش وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح روونی کردەوە “پەیوەستە بە وتوێژەوە و چونکە بەراستی کێشەیەکی گەورەیە، چونکە پەیوەست نییە بەتەنھا لە گەلی کوردستان، بەڵکو بە کارمەندانی کۆنسوڵخانەکان و بەسەدان کرێکاری بیانی و بەھەزاران خەڵکی بیانی کە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی ئیشوکار، تەنھا بۆ بەکارھێنانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان نییە”.

ئێستا بەپێی بڕیارەکەی بەغدا کە ھەر لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەریکرد دەبێت خەڵکی ھەرێم لەرێگەی گەشتی ناوخۆییەوە بچنە بەغدا و لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا یان فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ دەرەوەی ئەم وڵاتە گەشت بکەن.

بڕیاری قەدەغەکردنی نیشتنەوە یان فڕینی ھیچ فڕۆکەیەک کە لەدەرەوەی عێراقەوە بێت لەھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی دوای نزیکەی ١٣ بڕیار دێت کە ھەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەریکرد و ھەرێمی کوردستان ئەوانە و بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیشی بە سزا و سیاسی ناوبرد کە مەبەست لێی پاشگەزکردنەوەی ھەرێمی کوردستانە لە ئەنجامەکانی ریفراندۆم.

بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵڵا لەوبارەیەوە لە لێدوانێکدا  باس لە گەشتەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا دەکات و دەڵێت “پێش ریفراندۆم واتە پێش ٢٥ی ئەیلول ھەفتانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە ھەفتانە ٢٢ گەشتمان بۆ تورکیا ھەبوو، لەھەمان کاتدا ٢٢ گەشتیش لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا بۆ سلێمانیش ھەبوو، واتە ھەفتانە بەگشتی ٤٤ گەشتمان ھەبوو کە ئێستا ھەمووی وەستاون، بۆیە ژمارەیەکی زۆر خەڵک کە بۆ تورکیا گەشتییان دەکرد ئیتر بۆ گەشت، خوێندن، نەخۆشی، ئیشوکار، بزنس، ترانزێت، ئێستا لەوەتی گەشتەکان راوەستاوە ژمارەی گەشتیاران زۆر زۆر کەم بووەتەوە و دەتوانیین بڵێین نییە”.

ئەو دەشڵێت “ئەو ژمارەی ئەوسا پێش ریفراندۆم ھەفتانە نزیکەی پێنج ھەزار کەس گەشتییان دەکرد لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا، ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس ئەگەر ببێت، ھەم زیان بە ئێمە و بە تورکیا و ئابووری تورکیاش دەکەوێت و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان و حکوومەتانی دەوروبەر چارەسەر بۆ ئەم مەسەلەیە بدۆزینەوە و ئامادەین چارەسەری گونجاو بدۆزینەوە”.

سەبارەت بە داخستنی نووسینگەکانی فڕۆکەوانیش تاھیر عەبدوڵڵا وتی: “نووسینگەکانی فڕۆکەوانی ماون و ئەگەر ھاووڵاتییەک بیەوێت تکت ببڕێت بۆی دەبڕدرێت و ئومێد دەکەین ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت”.

لەکۆتایی قسەکانیدا تاھیر عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد کە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و ئەوانەی بەھۆی ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقەوە زیانییان بەرکەوتووە دەتوانن سکاڵا بکەن، چونکە زیانی زۆری ماددیان بەرکەوتووە.