ئابوریی کوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی

ئاژانسێکی رووسی، ئاماژە بەوە دەدات ھێرشەکەی داعش، بۆ شاری مووسڵ، کاری کردە سەر ئەو گەشەسەندنە ئابووریییەی ھەرێمی کوردستان ھەبوو، بەڵام لە ئێستا ھەرێمی کوردستان، دەیەوێت ئابوورییەکەی بگەڕێتەوە دۆخی جارانی.

ئاژانسی ھەواڵی رووسی (سپۆتنیک)، بڵاوی کردووەتەوە سەرەڕای ئەو ھەموو توندوتیژییەی باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە، دەبێت ھەرێمی کوردستان کار لەسەر چاککردن و بەرگرتن بە کۆمەڵێک ھەڕەشەی ئابووری وەک قەیرانی لە ناکاوی پەنابەر و ئاوەرەکان و بڕینی بودجەی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان بکات.

ئەوەشی خستوەتەڕوو کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵەکانی خۆی بۆ بوژانەوە و چاکسازیی ئابووری چڕتر و دوو ھێند کردووەتەوە، تەنانەت پێش لەناوچوون و نەمانی داعش لە مووسڵ، ھەوڵی بووژاندنەوەی ئابووری دراوە، بەتایبەت لە بواری گەشتیاریدا.

ئاژانسە رووسییەکە، ئاماژەی بەوەش داوە، کە ھەبوونی ئارامی و سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستاندا، خاڵی بنچینەیی بووە کە ئەو متمانەیەی لای نەتەوەکانیتر و گەشتیاران وەک یەک دروست کردووە و ئەنجامەکەشی بەردەوام گەشەی ئابووری بە ڕێژەی ١٢% لە پێش جەنگ بووە، بەتەنیا گەشتیاری لە ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ زیاد لە دووھێند بووە و ڕێژەکەی گەشتوەتە ١،٦ ملیۆن.

(سپۆتنیک)، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەھێزی و گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕووسیا، لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە لە دژی داعش، لەلایەن ڕوسیاوە سەرچاوەی گرتووە، ھاوکات لە سەرەتای ئەم ساڵ، سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمەش ئەوەندەیتر پەیوەندی نێوانیان رووسیا و ھەرێمی کوردستانی بەھێز کرد.

ئاژانسەکە ئەوەشی روون کردوەتەوە کە لەبەر کەمکردنەوەی باج و پلانی خەرجکردنی چەندین ملیار دۆلار لە وەبەرھێناندا، لە چەند ساڵی داھاتوودا بەرھەمی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، سێ ئەوەندە دەبێت و زیاد دەکات، بوونی یەدەگی نەوت و گازی سروشتیش، ڕێگە خۆشکەر بوو کە کۆمپانیای بیانی روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، لەم سونگەوە کۆماپانیای رووس نەفت، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرھەمھێنانی نەوت، توانی رێژەی بەرھەمھینانی گازی سروشتی لە کوردستان بەرز بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی نەوتی زیادی بەرھەمھێنراو ھەناردە بکرێت و بفرۆشرێت و داھاتەکەی لە بوارەکانی تری ئابووریدا بەکاربھێنرێت، کە ئەمەش وادەکات لە داھاتوودا ئاستی پشت بەستن بە کەرتی ووزە کەم بکاتەوە.