عیزەت سابیر: حكومەتی هەرێم پلانی هەیە سیستمێكی نوێ جێبەجێ بكات كە پاشەكەوت ناهێڵێت


زانیاری ورد لەبارەی سیستمی موچەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکرێت و وادەی کارپێکردن بەو سیستەمەش دەخرێتەڕوو.

عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند: بەپێی زانیارییەكان لەئێستادا كۆی داهاتی مانگانەی هەرێم 800 ملیۆن دۆلارەو كۆی خەرجییەكانیشی 450 ملیۆن دۆلارە، واتە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام دەستیكردووە بەدانەوەی قەرزی ساڵانی ڕابردوو، چونكە كە خەڵك بەناچاری بێدەنگی هەڵبژاردووە، حكومەت پێی وایە خەڵك خۆش دەژیت، بۆیە لەبری چاككردنی موچە، قەرزەكانی دەداتەوە.

سەبارەت بەسیستمی نوێی موچەش، د.عیزەت وتی: “بەپێی زانیارییەكانم، حكومەتی هەرێم پلانی هەیە، لە 1ی كانوونی دووەمی 2018ەوە، سیستمێكی نوێ جێبەجێ بكات، ئەویش بەو جۆرەیە كە سیستمی پاشەكەوت ناهێڵێت، كە دیسانەوە ئەمەش لەبەر خاتری فەرمانبەران نییە، بەڵكو ئەگەر درێژە بەسیستمی پاشەكەوت بدات، دەكەوێتە ژێر قەرزێكی زۆرەوەو پێی نادرێتەوە، كە تا ئێستا بڕی قەرزەكەی گەیشتۆتە حەوت ملیار دۆلار.

ئەو پەرلەمانتارە، ڕونكردنەوەی زیاتری لەبارەی سیستمەكەداو وتی:” پلانەكەی حكومەت بەو جۆرەیە، موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی هاوسەرگیری و منداڵ بۆ فەرمانبەران خەرجدەكرێت، سەرەڕای ئەوەش بۆ فەرمانبەرانی پیشەیی وەك پزیشك و ئەندازیار، دەرماڵەی پیشەیی و بۆ هێزەكانی ئاسایش دەرماڵەی مەترسی و بۆ مامۆستایانی زانكۆش دەرماڵەی بڕوانامە خەرجدەكرێت.

سەبارەت بەچارەنوسی موچەی فەرمانبەرانیش، عیزەت سابیر ئاشكرایكرد: هەرگیز بەتەمەنی گەلی كورد جارێكی تر فەرمانبەران ئەو موچەیەی لەساڵی 2013 وەریانگرتووە، پێیان نادرێتەوە، هەرگیز گوزەرانی خەڵكیش وەك ئەوكاتی لێنایەتەوە.