ئایا پارە خۆشبەختی دەهێنێت؟ به‌ڵام چۆن و به‌ چ شێوازێك؟


توێژەران بەردەوام لەهەوڵدابوون بۆ گەشتن بەو وەڵامەی کە ئایا پارە دەبێتە هۆی خۆشبەختی؟ لەمبارەوە توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا.

بەپێی هه‌واڵێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا، توێژەران لە زانکۆی زیورخ لە سویسرا گەشتن بەو ئه‌نجامه‌ی کە ته‌نها پارە و سامان خۆشبه‌ختی ناهێنن، به‌ڵكو چۆنێتی خه‌رجكردنی پاره‌ و باش به‌كارهێنانی ده‌بێته‌ هۆی خۆشبه‌ختی.

ئه‌و توێژینه‌وه‌ی بۆ زانینی وه‌ڵامی (ئایا پارە خۆشبەختی دەهێنێت؟) لەسەر ٥٠ کەس ئەنجامدراوه‌، كه‌ تیایدا ئه‌و كه‌سانه‌  كراون به‌ دوو گرووپەوە.

توێژینه‌وه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ كرابوو كه‌ گرووپی یەکەم هەموو هەفتەیەک 25 فرانکی سویسریان بە  جلوبەرگ و دیاری بۆ یەکتری خەرجدەکرد، بەڵام گرووپی دوەم ته‌نها پارەكانیان بۆ خۆیان خه‌رجده‌كردو دیاریان به‌ كه‌س نه‌ده‌دا.

 پاش چاودێری کردن و لێکۆڵینەوە لەلایەن توێژەرانەوە، گەشتن بەو ئەنجامەی گرووپی یەکەم زیاتر هەستیان بەخۆشبەختی کردوە وەک لە گرووپی دووەم، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەرجکردنی پارە له‌ڕیی خێرخوازی و به‌خشین و باش خه‌رجكردنی ده‌بێته‌ هۆی خۆشبەختی وەک لەوەی تەنها بۆخۆتی خەرجبکەیت.