دروستكردنی 900 كۆگای عەمباكردنی خۆراك دەستپێكرد


دروستكردنی 900 كۆگای تایبەت بە عەمابكردنی خۆراك و كەلوپەل، لەسنوری سلێمانی خرایە بواری جێبەجێكردنەوەو سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت: داوا لەبازرگانان كراوە كەلوپەلی زیاتر هاوردە بكەن و ڕێگری لەگرانفرۆشی بكەن.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ، بە SNNی ڕاگەیاند: زەوی لەسنوری گوندی ژاڵە بەڕووبەڕی 522 دۆنم دابینكراوە، بۆئەوەی كۆگای لێ دروستبكرێت و لەئێستاشدا دەست بەدروستكردنی كۆگاكان كراوە.

وتیشی:” بەنیازین 900 كۆگای تایبەت بە عەمباكردنی خۆراك و كەلوپەل دروستبكەین، هەر كەسێكیش كاری بازرگانی بكات دەتوانێت لەو كۆگایانە سودمەندبێت، كە 60%ی بۆ كەلوپەلی خۆراكی و 40%یشی بۆ پێداویستی و كاڵای دیكەیە، ئەم ڕێژەیەش تاڕادەیەك باشەو دەتوانرێت سودیان لێ وەربگیرێت لەكاتی دروستبوونی قەیراندا”.

سەبارەت بەسزادانی ئەو بازرگانانەی لەماوەی رابردوودا قۆرخكارییان كردووەو نرخیان لەبازاڕەكان بەرزكردۆتەوە، سیروان محەمەد وتی:” بەدواداچوونمان كردووەو دەریشكەوتووە كە ئەو قسانە هیچ بنەمایەكیان نییە، هیچ بازرگانێكیش نرخی بەرز نەكردۆتەوە، نرخەكان بەهەمانشێوەی چەند مانگی ڕابردوون و گرانییان بەخۆوە نەبینیووە”.

لەبارەی كڕینی كەلوپەل و خۆراك بەكۆمەڵ لەلایەن هاوڵاتیان و دروستبوونی ترس و دڵەڕاوكێی داخستنی سنورو گرانی، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاشكرایكرد: كۆبونەوەمان لەگەڵ بازرگانان كردوەو داوامانلێكردون بەبەردەوامی كەلوپەل و خۆراكی زیاتر بهێنن، پێشتر بۆنمونە ئەگەر سلێمانی پێویستی بە هەزار تۆن خۆراك بووبێت، ئێستا سێ هێندەی جاران كەلوپەل و خۆراك هاوردە دەكرێت و نرخیش بەگشتی ئاسایی بۆتەوە”.