بەتەواو كردنی پرۆژەی فایبەر ئۆپتیك، كوالێتی ئینتەرنێت 10 هێندەی ئێستا زیاد دەكات


 وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عیراق تەئكید دەكاتەوە، بەتەواو كردنی پرۆژەی فایبەر ئۆپتیك، كوالێتی ئینتەرنێت 10 هێندەی ئێستا زیاد دەكات‌و عیراقیش دەبێتە وڵاتێكی ترانزێتی نێودەوڵەتی.

عەلی قەساب بەرێوبەری گشتی كۆمپانیای خزمەتگوزاری تۆڕی نێودەوڵەتی زانیاریەكان رایگەیاند، رێژەی پرۆژەی فایبەر ئۆپتیك لەسەرانسەری عیراقدا لەسەدا 93 تەواوبووەو بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ لەسەرانسەری عیراقدا تەواو بكرێت، بەخستنەگەڕی ئەو پرۆژەیەش چیتر پچِران لە هێڵەكانی ئینتەرەنێدا دروست نابێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە تەواوی ئەو پرۆژەیەدا 4 ملیۆن مەتر كێبڵی فایبەر ئۆپتیك لەسەرجەم پارێزگاندا راكێشراوەو لەرێگەی 4 دەروازەی سنووریەوە عیراق بە كێبڵی نێودەوڵەتیەوەپەیوەست كراوە، جگەلەوەش خاوەنی سیستمێكی بەهێزی پاراستنەو لەلایەن وەزارەتی گەیاندنەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

عەلی قەساب ئەوەشی رونكردەوە، وەزارەتی گەیاندن هیچ خەرجیەكی ئەو پرۆژەی لە ئەستۆدا نیەو لەلایەن 2 كۆمپانیای بیاینیەوە جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڵام  بەپێی ئەو رێكەوتنەی ئیمزاكراوە لەسەدا 37ی داهاتی ئەو پرۆژەیە بۆ عیراق دەبێت.