سووریا.. بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ ئاودێری

دانیشتوانی دەشتی حۆلە سەربە پارێزگای حومس کە ماوەی ٥ ساڵە لەژێر گەمارۆی رژێمی ئەسەددایە لە رێگەی دەسخستنی وزە لە خۆر هەوڵی بەدەستهێنانی کارەبا دەدەن بۆ ئاودێری.

دەشتی حۆلە خاکێکی بە پیتە بۆ کشتوکاڵکردن، بەڵام نەدەتوانرا ئاوی پێویست دابین بکرێت بۆ زەویوزارەکان بە هۆی بڕینی کارەبا لە ناوچەکە، ئەمەش کاری جووتیارانی ئەستەم کردبوو، چونکە ئاوی بیر بەکاردەهێنرا بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵیەکان کە ئەویش پێویستی بە کارەبایە، هاوکات بە هۆی نەبوونی کارەباوە بیر لە بەدەستخستنی کارەبا کرایەوە لە وزەی خۆر.

ئەحمەد عەلی یەکێکە لەو جووتیارانەی کە وزەی خۆر بەکاردەهێنێت لە دەشتی حۆلە، وتی: “ناوچەکەمان لەژێر گەمارۆی سەربازانی رژێمدایە، سەرچاوەی دارایی خەڵکیش تەنها کشتوکاڵ کردنە، دوای بڕینی ئاوی جۆگەکانی ئاودێری، دەستمان کرد بە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی”.

عەلی ئاماژە بەوە دەکات بەکارهێنانی ئامێری ئاوسەرخەر زۆر لەسەر جووتیاران دەکەوت، بۆیە بیر لە جێگرەوەیەک کرایەوە.

عەلی باس لەوە دەکات هەر جووتیارێک بۆ دابینکردنی پێداویستی خۆی لە ئاو بۆ زەویەکەی، سوود لە وزەی خۆر دەبینێت، هەرچەندە لە سەرەتادا بڕێکی زۆر پارەی تێدەچێت بەڵام دواتر کاری ئاسان دەبێت.

جووتیارێکی دیکەش بە ناوی نەبیل تەللاوی ئاماژەی بەوەکرد بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ و کارپێکردنی ئامێرەکانی ماڵەوەیان بە شێوەیەکی ئاسان پەنایان بۆ ئەم رێگەیە بردووە.

وتیشی: ”تازە پەنام بردووەتە بەر ئەو رێگەیە و دەمەوێت لە رێگەی خەرجییەکی کەمەوە کارێکی زۆرتر ئەنجامبدەم. لە کارپێکردنی موەلیدە بە گاز رزگارم دەبێت”.

ئەو باسی لەوەکرد تێچووی سیستمی تیشکی خۆر لە نێوان هەزار بۆ هەزار و ٢٠٠ دۆلاردایە.

دانیشتوانی ناوچەکە پانێڵەکانی وزەی خۆر لە ناوچەکانی ژێر دەستی رژێمەوە بە شێوەی قاچاخ دەستەبەر دەکەن.