میکانیزمی وەرگرتنی پارەی خۆڵ خاشاک ئاشکرادەکرێت

شارەوانی سلێمانی میکانیزمی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک ئاشکرادەکات و سەبارەت بەوەرگرتنی ئەو پارەیەش لەخانوە بێ تاپۆکان و شوققەو باڵەخانە بازرگانیەکان بەرپرسێکی شارەوانی زانیاری زیاتر ئاشکرادەکات.

ڕزگار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاییەکان لەسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەSNNی ڕاگەیاند، “وەرگرتنی پارە بەدوو میکانیزمە، یەکەمیان لەلایەن تیمەکانی شارەوانیەوە سەرپەرشتیدەکرێن و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن  کۆمپانیاکانی جێبەجێکارەوە کە یەکەکانیان دروستکردوە پارەیان لێوەردەگیرێت”.

وتیشی:”ئەو خانوانەی کە بێ تاپۆن و لەشارەوانی تۆمارنەکراون، ئەگەر ئۆتۆمبێلی تایبەت بەفڕێدانی خۆڵ و خاشاکیان پێبگات و  ئەرکی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکەکەیان لەئەستۆدابێت، بەدڵنیاییەوە پارەیان لێوەردەگیرێت ھاوشێوەی ھاوڵاتیانی دیکە”.

ئەوەشی ڕونکردەوە، ئەگەر ھەموو ڕۆژێک ئۆتۆمبێلی تایبەت بەفڕێدانی خۆڵ و خاشاک سەردانی ئەو گەڕەکەکان بکات، ئەوا مانگانە بڕی پێنج ھەزار دیناریان لێوەدەگرێت، بەڵام ئەگەر ڕۆژ نا ڕۆژێک سەردانی گەڕەکەکان بکات، ئەوا مانگانە بڕی سێ ھەزار دیناریان لێوەدەگرێت”.