لە دوو ویلایەتی ئەمریکا پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە حکوومییەکان راگیرا

لە هەردوو ویلایەتی مەین و نیوجێرسی ئەمریکا، کاربەدەستان بە هۆی ئەوەی بوودجەی ویلایەتەکانیان لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند نەکراوە، جگە لە خزمەتگوزارییە بەپەلەکان، پێشکەشکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانیان راگرت. 

کاربەدەستانی هەردوو ویلایەتەکە لە لێدوانەکانیاندا باسیان لەوەکردووە تا ئەو کاتەی بوودجەی ویلایەتەکانیان پەسەند دەکرێت، پێشکەشکردنی ژمارەیەک لە خزمەتگوزارییەکان رادەگرن.

حاکمی کۆماریخوازی ویلایەتی مەین، پۆڵ لێپاژ ئاماژەی بەوەکرد بە هۆی ئەوەی تاوەکو دوا رۆژی ساڵی دارایی کە هاوکاتە لەگەڵ ٣٠ی حوزەیراندا، بوودجەی ویلایەتەکەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند نەکراوە، جگە لە خزمەتگوزارییە بەپەلەکان، ناتوانن خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەستەبەربکەن.

پۆڵ لێپاژ رایگەیاند ”ئەمە دۆخێک نییە پەیوەندیی بە ئەمڕۆ یان سبیەنێوە هەبێت، بەڵکو پەیوەستە بە داهاتووی مەینەوە. پێویستە هەرچی زووە بوودجە پەسەند بکرێت”.

هاوکات حاکمی کۆماریخوازی ویلایەتی نیوجێرسی، کریس کریستی لە رێگەی بڕیارنامەیەکەوە فەرمانی ئەوەی دەکرد کە جگە لە خزمەتگوزارییە بەپەلەکان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکە بۆ ماوەیەکی کاتی رابگیرێن.

لە ئەمریکا ناکۆکییەکانی نێوان دیموکراتەکان و کۆماریخوازەکانەوە لە ئەنجوومەنی ویلایەتەکاندا، هەندێک جار دەبێتە هۆی درووستبوونی کێشەی دارایی و راگرتنی کارەکانی حکوومەت.